توێژینەوەى پزیشکێکى هەولێر بۆ چارەسەرى شێرپەنجە خەڵاتێکى نێودەوڵەتى دەباتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

پزیشکێکى خەڵکى هەولێر، لە کۆنفرانسێکى جیهانی دا لە سوێد، خەڵاتێک وەردەگرێت لە پاى توێژینەوەیەکى تایبەت بە دۆزینەوەى چارەسەر بۆ رێگریى لە تووشبوون بە هەردوو جۆرى شێرپەنجەى مەمک و هێلکەدان. 
 
لە کۆنفرانسى زانستیى جیهانى لە سوێد کە رۆژانى 22-23ى ئایار بەڕێوەچوو، د. توانا حەسیب ئەلیاس، لە نێو سێ خەڵاتى کۆنفرانسەکە بۆ توێژینەوەى زانستى کۆنفرانسەکە، دووەم بووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ى ئایارى 2025، د. توانا بە رووداوى گوت: "زیاتر لە 200 پۆستەر کە پوختەى توێژینەوە زانستییەکان بوون، پێشکێشی کۆنفرانسەکە کران و من خەڵاتى دووەمم وەرگرت".
 
توێژینەوەکەى ئەو پزیشکە تایبەت بووە بە چارەسەرى هۆڕمۆنى بۆ ئەو کەسانەى لە رێگەى بۆماوەییەوە ئەگەرى تووشبوونیان هەیە بە شێرپەنجەى مەمک و هێلکەدان.
 
د. توانا حەسیب، کە کریستیانێکی هەولێرییە دەڵێت:" ئەو چارەسەرە هۆڕمۆنییە بۆ ئەوەیە ئەو خانانە چارەسەر بکات کە ئەگەری هەیە ببن بە شێرپەنجە و رێگرى لە توشبوونیان بکرێت یان توشبوونیان دواى بخات" .
 
ئەو پزیشکە 1983 لە عەنکاوەى هەولێر لەدایکبووە، کۆتایی 2012  بۆ خوێندن چووەتە سوێد. 
 
بەگوتەى ئەو پزیشکە، توێژینەوەکەیان لەبارەى ئەو دەرمانە هۆڕمۆنییە قۆناخى تاقیگەیى تێپەڕاندووە و بۆ ماوەى سێ مانگ لەسەر 50 ژن تاقیکراوەتەوە و ئەنجامى بەراییان دەرکەوتووە. 
 
د. توانا حەسیب یاریدەدەرى پرۆفیسۆرە لە پەیمانگاى کارۆلینسکاى سوێدى و پسپۆرە لەبوارى تەندروستیى ژن و منداڵ.
 
توێژینەوەکەى لەسەر ئەو بنەمایە بووە 75%ى ئەو ژنانەى تووشى شێرپەنجەى مەمک دەبن بۆماوەیی کاریگەریى لەسەر تووشبوونیان دەبێت، 55%ى ئەو ژنانەى دیکەش کە تووشى شێرپەنجەى هێلکەدان دەبن بەهەمان شێوە بۆماوەیی کاریگەریى لەسەریان هەیە.