گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان: باجی رێستورانتی خۆراکە خێرا و خۆماڵییەکان وەکو یەکە
رووداو - تەندروستی
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، رێستورانتی خۆراکە خێراکان هەمان باجی رێستورانتی خۆراکە خۆماڵییەکانیان لەسەرە. رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش داوا لە وڵاتان دەکات هەنگاوی جیدی بگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی خۆراکە خێراکان.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت: رێستورانتە خێراکان لەڕووی پشکنین و پۆلێنکردنەوە و لەڕووی وەرگرتنی باج و رسومات هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ رێستورانتە میلییەکان لە هەرێمی کوردستان.
لە بەرامبەردا لە وڵاتە پیشکەوتووەکانی جیهاندا وەکو بەشێک لە رێکارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ هاندانی بەکارهێنانی خۆراکە خۆماڵییەکان و دوورخستنەوەی خەڵک لە خۆراکە خێراکان، باجی سەر رێستورانتەکانی خۆراکە خۆماڵی و تەندروستەکان بە رێژەی ٪15 بۆ ٪35 لە باجی سەر رێستورانتەکانی فاست فوود کەمترە.
ئەمەش رێگەیەکە بۆ سنووردارکردنی خۆراکە خێراکان کە هۆکارن بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، قەڵەوی، شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دیکە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی خۆراکە خێراکان بە هۆکاری تووشبوون بە چەندین نەخۆشی دادەنێت و داوا لە وەزارەتی تەندروستیی وڵاتان دەکات، هەنگاوی کرداری و کاریگەر بۆ دوورخستنەوەی خەڵک لێیان بگرنە بەر.