زانکۆی کۆیە هەڵمەتێکی ژینگەیی بۆ جیاکردنەوەی پاشماوەکان راگەیاند

رووداو - تەندروستی

زانکۆی کۆیە، وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە، دەستی بە پڕۆژەی جیاکردنەوەی پاشماوەکان کردووە. لەم پڕۆژەیەدا، سەتڵی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی کاخەز، پلاستیک و قوتوو لە سەرانسەری زانکۆدا دادەنرێت، بەمەبەستی دووبارە بەکارهێنانەوەیان.
 
د. محەممەد حەسیب سەرۆکی زانکۆی کۆیە بە رووداوی رایگەیاند، "بە پێویستمان زانی پاشماوەکان جیابکەینەوە، چونکە دەتوانین سوود لە کاخەزەکان وەربگرین و دووبارە بەکاریانبهێنینەوە."
 
مەحەممەد سەیدگوڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی کۆیە گوتی، "سەلەی زبڵ بەسەر هەموو ژوورەکانی زانکۆدا دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت."
 
ئەم هەنگاوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی پاشماوە لەسەر ژینگە و هاندانی کولتووری دووبارە بەکارهێنانەوە (Recycling) لەنێو قوتابیان و ستافی زانکۆدا دێت.