سەندیکای پزیشکان: تەنیا پسپۆڕانی تیشک و سۆنەر بۆیان هەیە سۆنەر بکەن
رووداو - تەندروستی
سەندیکای پزیشکانی کوردستان بڕیارێک ئاراستەی گشت نەخۆشخانە تایبەتی و سەنتەرە پزیشکییەکان دەکات و رایدەگەیێنێت، تەنیا پزیشکی تیشك و سۆنەر دەتوانێت ئامێری سۆنەر بەکاربهێنێت و بە پێچەوانەی بڕیارەکە، پزیشکان سزا دەدرێن.
سەندیکاکە لە نووسراوێکدا جەختی لە بڕیارێکی کۆمەڵەی رادیۆلۆژیی کوردستان کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، ''هەندێک لە پزیشکان کە هەڵگری بڕوانامەی تیشک و سۆنەر نین، ئامیری سۆنەر لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان و کلینیکە پزیشکییەکان بەکاردەهێنن، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە''.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-6-2025 د. عادل عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی پزیشکانی رادیۆلۆژیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەم دیاردەیە بینیومانە و ئێستا خەریکە پەرە دەسێنێت، بەجۆرێک پزیشکانی پسپۆڕیی خانمان و منداڵبوون یان پسپۆڕی سڕکردن، هەروەها ئێسک و شکان خۆیان سۆنەر بۆ نەخۆش دەکەن.
د. عادل عوسمان گوتی، هەندێک پزیشک تاوەکو ئێستاش بەردەوامن و لەژێر چاودێریدان، ئەگەر هەر بەردەوام بن ئەوا بە تووندی سزا دەدرێن.
بەگوتەی کۆمەڵەی پزیشکانی رادیۆلۆژیی، ئەگەر سۆنەر لەلایەن پسپۆڕانی دیکەوە بکرێت ئەوا؛
- نرخی گران دەبێت.
- وردیی ئەنجامەکانی کەم دەبێتەوە.
- هەڵەدەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە زۆر دەبێت.
- بەهەڵە پشکنینەکە دەکرێت.