نیشانە و چارەسەرەکانی تەنگژەی دەروونیی دوای رووداوەکان

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی دەروونی چەند کاریگەرییەکی لاوەکی لەسەر دەروونی رزگاربووانی رووداوە سرووشتییەکان و کارەسات و جەنگەکان باس دەکات و دەڵێت: رزگاربووانی دوای رووداوە سرووشتییەکان پێویستە رێنوێنی و چارەسەریی دەروونییان بۆ بکرێت.
 
دکتۆر نیکتا بانکس، پسپۆڕ و چارەسەرکاری دەروونی لە ئەمریکا ئاماژە بە حاڵەتێک دەکات بە ناوی تەنگژەی دەروونی دوای رووداوەکان 'PTSD' کە بە تووندترین و درێژترین کاریگەریی دەروونیی دوای بوومەلەرزە دایدەنێت و دەڵێت: ''لە کاتی تووشبوون بە PTSD نیشانەکانی وەکو 'بیرکەوتنەوەی رووداوەکە، کاردانەوەی نەرێنی، ناڕێکیی خەو، بینینی خەوی ناخۆش، خەمۆکی، گۆشەگیری و هەندێک جاریش سکچوون و رشانەوە' دەشێت رووبدەن، هاوکات رێگەکانی چارەسەریش  بۆ حاڵەتەکە بریتین لە قسەنەکردن لەبارەی رووداوەکە و هەوڵدان بۆ لەبیرچوونەوەی، دوورکەوتنەوە لە شوێنی رووداوەکە، گۆڕینی شێوازی ژیان، پاڵپشتیکاری دەروونی یاخود پێدانی دەرمان لەژێر راوێژی کەسانی پسپۆڕ.''
 
بەپێی سەرچاوە دەرووندروستییەکان نیشانە سەرەکییەکانی تەنگژەی دەروونی دوای رووداوەکان 'PTSD' ئەمانەن؛
 
* خەمۆکی 
* هەستکردنی بە تەنیایی   
* خەونی ناخۆش  
* دڵەڕاوکێ 
* ناڕێکیی بیرکردنەوە و بڕیاردان 
* کەمخەوی 
* هەڵچوون و تووڕەیی   
* گۆشەگیری 
 
چارەسەرەکانیش دەشێت ئەمانە بن؛
 
* جیاکردنەوەی کەسی تووشبوو 
* گۆڕینی شێوازی ژیان
* پاڵپشتیی دەروونی 
* گۆڕینی ژینگە
* دەرمان