گوتەبێژی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان: رێکلامەکانی دەرمانە ئۆنلاینەکان راست نین و ساختەن
رووداو - تەندروستی
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''رێکلامی دەرمانە ئۆنلاینەکان راست نییە و ساختەیە''، تەنانەت باسی ئەوەش دەکات کە زۆرینەی ئەو دەرمانە ئۆنلاینانە بە قاچاخ دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان.
دکتۆر عیسا عەبدولڕەحمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان و پزیشکی دەرمانساز بە رووداوی راگەیاند، دەرمانە ئۆنلاینەکان بە قاچاخ هێنراونەتە هەرێمی کوردستان و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، ''هیچ دەرمانێک بەبێ ستیکەری کوالێتیی کۆنتڕۆڵ بەکارنەهێنن''.
دکتۆر عیسا عەبدولڕەحمان لەبارەی ئەو تەواوکەرە خۆراکییانەی لەلایەن یاریزانانەوە بەکاردەهێندرێن، دەڵێت: ''نابێت جگە لە کلینیک و دەرمانخانەکان لە هیچ شوێنێکی دیکە بۆیان پێشنیازبکرێن و بەکاربهێندرێن''.
هاوکات باسی بەکارهێنانی هۆرمۆنەکان بۆ مەبەستی لەشجوانی دەکات و دەڵێت، لەژێر راوێژی پزیشکدا وەربگیرێن و ئەوانەبن کە بە کوالێتیی کۆنتڕۆڵدا تێپەڕیون و ستیکەریان پێوەیە تەنانەت گوتیشی: ''خراپ بەکارهێنانیان پووکانەوەی ئێسک و پەککەوتنی گورچیلەکانی لێدروستدەبێت''.
بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، هاونیشتمانییان دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی دەرمانە ئۆنلاینەکان و هەمیشە لەژێر رێنوێنیی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ دەرمان بەکاربهێنن.