خانمێکی بەریتانی تووشی هەستیارییەکی دەگمەن دەبێت

رووداو - تەندروستی

لە بەریتانیا خانمێک تووشی هەستیارییەکی دەگمەن دەبێت و دوای ئەوەی پزیشکانی دۆخەکەی دەستنیشاندەکەن، تووشی شۆک دەبێت.
 
خانمەکە ناوی جۆرجینا جێڵییە و تەمەنی 28 ساڵە، خەڵکی شاری لەندەنە؛ پزیشکان پێیان وابووە کە ئەو نیشانانە هی نەخۆشیی ئەکزیمان یاخود هی هەر هەستیارییەکی دیکەی وەرزین، بۆیە دەرمانی کەمکردنەوەی نیشانەکانیان بۆ نووسیوە، بەڵام دوای بەکارهێنانی دەرمانیش نیشانەکانی خراپتر دەبوو.
 
جۆرجینا جێڵی گوتی، کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانم هاوکات بوو لەگەڵ سووڕی مانگانە، بۆیە پزیشکەکەی بۆی دەرکەوتووە کە جۆرجینا دووچاری دۆخێک بووە کە پێی دەڵێن، هەستیاری بە هۆرمۆنی پڕۆجیستڕۆن، تەنانەت دەڵێت، ''شۆک بووم کە زانیم ئەو کێشەیەم هەیە و نیشانەکانی هەستیارییەکەش زۆر تووند بوون''.
 
هەستیاری بە هۆرمۆنی پڕۆجیستڕۆن چییە؟
 
بەپێی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی ئەمریکی، ئەو هۆرمۆنە لەلایەن هێلکەدانەکانەوە بەرهەمدێت و ئەگەر خانمەکە دووگیان نەبێت ئەوا پێش سووڕی مانگانە بڕێکی زۆری لێدەردەدرێت، هەندێکجار بە دەگمەن بەرگرییە خانەکان هۆرمۆنەکە وەکو تەنێکی نامۆ دەناسنەوە و هێرشی دەکەنە سەر، ئەمەش وادەکات نیشانەکانی هەستیاری دەربکەون.
 
بەپێی رێکخراوی نیشتمانی بۆ نەخۆشییە دەگمەنەکان، هەستیارییەکە دەگمەنە و چارەسەرەکانیشی بریتین لەو دەرمانانەی کە ئاستی هۆرمۆنەکە کەمدەکەنەوە.
 
بە گوتەی جۆرجینا جێڵی، لە سووڕی مانگانەیدا هەریەک لە نیشانەکانی 'پەڵەی سوور، ئاوسانی پێست، خورانی پێست، ئاوسانی ژێر چاوەکان، کۆکە و هەناسەتەنگی' تووشبووە، ئێستا دەرمانی کەمکردنەوە و وەستانی سووڕی مانگانە وەردەگرێت تاوەکو دووچاری ئەو نیشانانە نەبێتەوە.
 
بە گوێرەی مایۆکلینیک، ئازاری سووڕی مانگانە یەکێکە لە کێشەکانی خانمان، چەند خۆراکێکیش پێشنیازدەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارە وەکو؛
 
- خۆراکە ریشاڵییەکان [سەوزەکان، بادەم و میوە وشککراوەکان].
- سەرچاوەی مادەی ئاسن [سپێناخ، برۆکلی و فاسۆلیا].
- سەرچاوەی ڤیتامین سی [میوە ترشەکان، بیبەری شیرین و تەماتە].
- سەرچاوەی ڤیتامین K [پیاز، مۆز و هێلکەی کوڵاو].
- سەرچاوەی ئۆمێگا سێ [ماسی، زەیتوون و گوێز].