پزیشکێکی دەرمانساز: پابەندنەبوون بە کاتی بەکارهێنانی دەرمان کاریگەرییەکەی کەمدەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی دەرمانساز رایدەگەیێنێت، هەمان پێکهاتەی دەرمانی دوو کۆمپانیای جیاواز کاریگەرییان هاوشێوەیە، هاوکات دەشڵێت: پابەندنەبوون بە کاتی خواردنی دەرمان و خراپ هەڵگرتنی دەرمان دوو هۆکاری سەرەکیین بۆ کەمبوونەوەی کاریگەریی دەرمانەکان.
رۆژی دووشەممە 25ـی ئەیلوولی 2023 لە رۆژی جیهانیی پزیشکانی دەرمانسازیدا دکتۆر باران جەمیل، پزیشکی دەرمانساز لە بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی، ئەگەر دەرمانێک لەلایەن دوو کۆمپانیای جیاوازەوە دروستبکرێت و هەمان پێکهاتەیان هەبێت ئەوا جگە لە کوالێتیی، هیچ جیاوازییەکی دیکەیان نییە و هەمان کاریگەرییان هەیە.
دکتۆر باران جەمیل بەپێویستی دەزانێک کە پزیشکانی پسپۆڕ بایەخ بە ناوە زانستییەکانی دەرمانەکان بدەن و پێشنیازی ناوی کۆمپانیاکە بۆ نەخۆش نەکەن و دەشڵێت: ''هەمان پێکهاتەی دەرمان هەر کۆمپانیایەک بەرهەمی بهێنێت، هەمان کاریگەریی دەبێت''.
ئەو پزیشکەی دەرمانسازی ئاماژە بە پابەندبوون بە کاتی خواردنی دەرمان لە پێش و دوای ژەمەکان دەکات و دەڵێت: ''خۆراک کاریگەریی لەسەر هەڵمژینی دەرمان دەبێت تاوەکو لەلایەن جەستەوە هەڵبمژرێت''، هاوکات دەشڵێت: هاونیشتمانییان پابەندی کاتی خواردنی دەرمانەکانیان ببن، چونکە ئەگەر دەرمانێک پێویستبێت شەوان بخورێت، بەڵام دوایبخەن و بەیانیان بیخۆن، ئەوا کاریگەرییەکەی کەمدەبێتەوە و سوود لە دەرمانەکە وەرناگرن.
پزیشکەکەی دەرمانسازی لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوەشدەکات، پابەندنەبوون بە کاتی خواردنی دەرمان و خراپ هەڵگرتنی دەرمان دوو هۆکاری سەرەکیین بۆ کەمبوونەوەی کاریگەریی دەرمانەکان.
هەر لەبارەی هەڵگرتنی دەرمان دەڵێت: ''لەهەر ماڵێکدا شوێنی تایبەت بۆ هەڵگرتنی دەرمان هەبێت و لە پلەی گەرمیی گونجاودا هەڵبگیرێت''.
دکتۆر باران جەمیل گوتی، دەکرێت پزیشکانی دەرمانساز پلەی گەرمیی گونجاوی دەرمانەکان بۆ نەخۆش باسبکەن، تاوەکو نەخۆشەکان زیاتر هۆشیاربن لە بەتەندروست هەڵگرتنی دەرمانەکە.
رۆژی 25ـی ئەیلوولی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی دەرمانسازان دانراوە کە تیایدا چەندان هۆشیاریی تەندروستی بۆ هاونیشتمانییان لەلایەن پزیشکانی دەرمانسازەوە رادەگەیێندرێن.