ژمارەیەکی زۆری دەرمانسازان لە هەرێمی کوردستان وازیان لە پیشەکەیان هێناوە و کاری دیکە دەکەن

رووداو - تەندروستی

ژمارەیەکی زۆری دەرمانسازان لە هەرێمی کوردستان وازیان لە پیشەکەیان هێناوە و کاری دیکە دەکەن و لە ساڵی 2016ـەوە دەرمانسازان لە کەرتی گشتی دانامەزرێن و پلەبەرزکردنەوەشیان راگیراوە.
 
دەرچووانی هەشت ساڵی رابردووی کۆلێژەکانی دەرمانسازی دانەمەزراون، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار دەرمانساز دانەمەزراون و دکتۆر یوسف یاسین، دەرچووی بەشی دەرمانسازییە لە زانکۆی هەولێری پزیشکی و ئێستا لە کۆشکێکدا کار دەکات، چونکە بێهیوا بووە لە پیشەکەی.
 
دکتۆر یوسف یاسین، دەرمانساز و خاوەن کار دەڵێت: زوو تێگەیشتم کە بازاڕەکە زۆر لەوە زیاتر پڕ بووە لە دەرمانساز و کواڵیتیی کارکردن ئەوەندە نییە کە دەرمانساز بە سەربەستی ئیش بکات.
 
ژمارەی پزیشکانی دەرمانسازی دانەمەزراو گەیشتووەتە سەرووی 3000 کەس و بەپێی رێنماییەکانی حکومەت هەر دەرمانسازێک دانەمەزرێت لە کەرتی حکومی ناتوانێت دەرمانخانە لە نێو شار بکاتەوە بڕوانامەکەشی بەکرێ بدات.
 
ئەم کۆمپانیایە یەک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی دابەشکردنی دەرمانە، بەتەواوی هەستیان بە زیادبوونی گوشار لەسەر دەرفەتەکانی کاری دەرمانساز کردووە.
 
دکتۆر حەکیم سیان، جێگری سەرۆکی کەوکەب گرووپ بۆ دەرمانساز دەڵێت: کاتێک سیڤییەک رادەگێنین، 30 بۆ 35 سیڤی پێشکێش دەکرێت.
 
ئەو پزیشکە دەرمانسازانەی وەک کارمەند لە دەرمانخانەکان کار دەکەن مووچەیان لە نێوان 400 بۆ 600 هەزارە.
 
بەشێک لە پزیشکان هۆکاری ئەو دۆخەی بۆ دەرمانسازان درووستبووە دەگەڕێننەوە بۆ زۆربوونی بەشی پزیشکی دەرمانسازی لە زانکۆ تایبەتەکان؛ لە هەرێمی کوردستان بەشی دەرمانسازی لە 3 زانکۆی حکومی و 9 زانکۆی تایبەت هەن.
 
د. هونەر کەمال، راگری کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی هەولێری پزیشکی دەڵێت: ''ساڵی رابردوو 200 قوتابیم بۆ هاتووە، ئێمە پێشبینیدەکەین لە هەر ساڵێک بەس لە هەولێر نزیکەی هەزار پزیشکی دەرمانساز تەخەروج بکات''.
 
لە زانکۆ تایبەتەکان کەمترین کۆنمرە بۆ بەشی پزیشکی دەرمانسازی دابەزیوە بۆ 81 و نرخی خوێندن دەگاتە 8 هەزار دۆلار بۆ هەر ساڵێک.
 
د. باریف زاهیر، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان گوتی، ''ئایا بازاڕی دەرمان داوا دەکات کۆلێژی تازە بکرێتەوە یاخود نا؟ ئەوەش دەبێت ئێمە وەڵام بدەینەوە، باوەڕ دەکەیت لەو چەند کۆلێژە دەرمانسازییەی کراونەتەوە رای سەندیکای دەرمانسازان وەرنەگیراوە''.
 
شارێکی وەک لەندەن کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 9 ملیۆن کەسە نزیکەی 5 زانکۆی هەیە کە ساڵانە خوێندکار دەرمانسازی لێدەخوێنن و ژمارەی دەرچووانی بە خوێندکارانی نیوخۆ و نێودەوڵەتی نزیکەی 1000 کەسە، بەڵام پارێزگای هەولێر کە نزیکەی 2 ملیۆن کەسی لێدەژی زانکۆیەکی حکومی و 5 زانکۆی تایبەتی هەیە کە بەشی دەرمانسازیان هەیە بڕیارە ئەمساڵیش زانکۆیەکیدیکەی تایبەت ئەم بەشە بکاتەوە.