رێکارەکانی بەکارهێنان و خستنەبازاڕی یەکەم دەرمان بۆ چارەسەر و پێشگیری لە ئەیدز راگەیێنران
رووداو - تەندروستی
رێکارەکانی بەکارهێنان و خستنەبازاڕی یەکەم ڤاکسینی دژەئەیدز نزیک دەبێتەوە و دەرمانەکە هەم چارەسەرە و هەمیش ڤاکسینە دژی نەخۆشیی ئەیدز.
رێکخراوی جیهانیی یونیتەید دەیەوێت بە نرخێکی کەم، ڤاکسینەکە بۆ وڵاتانی کەمداهات بەردەست بکات، تێنوو ئاڤافیا، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوەکە دەڵێت ''ئێمە توانیومانە راستەوخۆ پەیوەندی بەو کۆمەڵگە و وڵاتانەوە بکەین کە لە خزمەتیانداین بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکە بە نرخێکی گونجاو''.
بەپێی رێکخراوی Unitaid، پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2027 ئەو دەرمانە بەردەست بێت کە کەمتر لە دوو ساڵی پێویستە دوای پەسندکردنی رێکارەکانی پەسندکردنی لە وڵاتە پێگەیشتووەکان.
دەرمانە نوێیەکەی ئەیدز ناوی لیناکاپاڤیرە و لەسەر پێنج هەزار خۆبەش تاقیکراوەتەوە. دەرکەوتووە ئەوانەی دەرزییەکەیان لێداوە تووشی نەخۆشیی ئەیدز نەبوون.
کارمێن پێرێز، بەرپرسی ستراتیژییەکە لە رێکخراوی Unitaid گوتی، ''بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە جێبەجێکارەکانمان و بەرهەمهێنەرانی رەسەن بە شێوەیەکی کێبڕێ، توانیومانە پێشبینی نرخێک بکەین، کە ئەگەرنا زۆر درەنگتر بەردەست دەبوو، ئەمەش بەکارهێنانی ئەم بەرهەمە رزگارکەرەی ژیانی دوادەخست. کارەکە تەواو نەبووە و پێویستە بەردەوام بین لە پشتگیریکردنی وڵات و دروستکردنی بازاڕ''.
ساڵی رابردوو 1.3 ملیۆن تووشبووی نوێی ئەیدز تۆمارکراون، کە زۆرینەیان لە ئەفریقان، ڤاکسینەکەش کە نرخی تەنیا 40 دۆلارە، ساڵانە دوو جار لێدەدرێت و ملیۆنان کەس لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە رزگار دەکات.