بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا چارەسەری هەمیشەیی بۆ نەخۆشییەکی درێژخایەن تاقیدەکرێتەوە
رووداو - تەندروستی
ئیمیلی هێندێرزی 37 ساڵ پێش چوار ساڵ، تووشی نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری بووە. یەکەمجارە لە بەریتانیا چارەسەرێکی نوێی لەسەر تاقیدەکرێتەوە.
ئیمیلی هێندێرز، تووشبوونی نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری MS دەڵێت: ''بیرکردنەوەی لەوەی لەسەر کورسیی گەڕۆک بم و نەتوانم بەدوای منداڵەکانمدا بگەڕێم و هەموو رۆژێک بە پلیکانەدا سەربکەوم و دابەزم شتێکە کە دەمەوێت لێی دووربکەومەوە، بۆیە خۆم دەخەمە ژێر ئەم بارە، دەمەوێت بیوەستێنم، پێش ئەوەی رێگریم لێبکات''.
توێژەرانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن لە بەریتانیا ناوی دەرمانەکەیان ناوە (کاڕ-تی) و ئێستا بۆ چارەسەری جۆرێکی تووندی شێرپەنجەی خوێن بەکاردێت، دەرمانەکە بۆ بەهێزکردنی بەرگریی جەستەیە بەتایبەت لەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە یاخود ناڕێکە.
پزیشکان وەکو چارەسەری بنبڕی نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری (ئێم ئێس) بەکاری دەهێنن و بەهۆی ئەم دەرمانە نوێیەوە، ئیمیلی دڵخۆشە، چونکە چارەسەری هەمیشەیی نزیکە و پسپۆڕان بە نایاب باسی دەکەن.
د. واڵاس بڕاونلی، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن دەڵێت: ''یەک دوو شتی سەرنجڕاکێش هەن لەبارەی چارەسەرییەکە، یەکێکیان ئەوەیە، تەنیا یەک جار کەسەکە بەکاری دەهێنێت و ئەوە نییە کە بە درێژخایەنی بێت و دەیان ساڵ بەکار بهێندرێت، ئەوەی دیکەش ئەم دەرمانە نەک تەنیا چارەسەری خانە ناتەواوەکانی بەرگری، بەڵکو چارەسەری خانە زیانلێکەوتووەکانی مێشک و دەماریش دەدات کە دەشێت هەوکردنیان تووشبووبێت بەهۆی نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری''.
ئیمیلی یەکێکە لەو 18 نەخۆشەی لە جیهاندا ئەم چارەسەرەی لەسەر تاقیدەکرێتەوە.
ئەگەر سەرکەوتوو بێت، دەبێتە هیوایەک بۆ نزیکەی 3 ملیۆن تووشبووی نەخۆشییەکە، تاوەکو بە تەواوەتی رزگاریان ببێت.
فرەڕەقبوونی دەماری MS چییە؟
بەگوێرەی سەرچاوەی مایۆکلینیک، نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری MS نەخۆشییەکی درێژخایێنە و بەهۆی تێکچوونی کۆئەندامی بەرگریی جەستەوە دروستدەبێت، بەجۆرێک خانەکانی بەرگریی جەستە هێرشدەکەنە سەر خانەکانی جەستە.
لە هەندێک کەس نەخۆشییەکە نیشانەکانی لاوازن، بەڵام لە هەندێکیش نیشانەکانی لاوازبوونی بینین، ناڕێکیی قسەکردن و بەپێ رۆیشتن، لاوازبوونی بیرکردنەوەش دەشێت رووبدەن، تەنانەت هیچ چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکە نییە، بەڵام ئەگەر دەرمانی بۆ بەکارنەهێندرێت ئەوا دەشێت کەسەکە گیانلەدەستبدات یان ئیفلیج ببێت.