د. سۆران ئەمینی ئەقدەم؛ پزیشکێکی کورد لە پێشەنگی پزیشکیی وەرزشی جیهانیدا

 
رووداو دیجیتاڵ

د. سۆران ئەمینی ئەقدەم، کوڕێکی خەڵکی شاری مهابادە و نزیکەی 12 ساڵە لە ئەورووپا نیشتەجێیە.
 
سەرەتاکانی هاتنی سۆران بۆ ئەورووپا، بە مەبەستی تەواوکردنی خولی راهێنەرایەتیی تۆپی پێ بوو لە زانکۆی لایپزیگ، کە بۆ ماوەی 5 مانگ لەوێ مایەوە، دواتر دوو بڕوانامەی "ئابشێن" (پیشەیی) بەدەستهێنا بۆ تەواوکردنی دکتۆرا لە بەشی "بایۆمیکانیکی زیندەوەران" لە زانکۆی تێکساس لە ئۆستن، ئەمریکا.
 
سۆران بڕیاری دا دکتۆراکەی لە بەشی "بایۆمیکانیک" لە زانکۆی فرێدریش شیلەر لە ئەڵمانیا تەواو بکات، دوای ساڵێک لە بەدەستهێنانی دکتۆرا، بەرەو بەریتانیا گەشتی کرد، نزیکەی 6 ساڵ لەوێ کاری کرد لە سێ زانکۆی بەنێوبانگی لەندەن: زانکۆی ساوس بانک، زانکۆی لیدز بێکێت و زانکۆی مانچێستەر میترۆپۆلیتان.
 
ئێستا سۆران لە شاری ئینسبروک لە نەمسا نیشتەجێیە و وەک توێژەرێک لە زانکۆ کار دەکات، هاوکات بەشدارە لە سەنتەری پزیشکیی فیفا بۆ باشترینەکان (FIFA Medical Centre of Excellence). ئەم سەنتەرە پێکدێت لە چەندین پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکاندا و چەندین خزمەتگوزاری پێشکێش بە یاریزانە بەتواناکانی ئەورووپا دەکەن، ئامانجیان یارمەتیدانی یاریزانانە بۆ باشترکردنی ئاستیان و گەڕانەوەیان بۆ وەرزش دوای تووشبوونیان بە پێکان.
 
د. سۆران ئەمینی ئەقدەم: پزیشکانی کورد دەتوانن ببنە پێشەنگی پزیشکیی وەرزشی جیهانی
 
د. سۆران ئەمینی ئەقدەم، زانستکار و ئەندامی نێوەندی تەندروستیی فیفا، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرا دا، تیشکی خستە سەر رۆڵی گرنگی زانستی جووڵە لە پزیشکیی وەرزشی و چۆن کوردستان دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی پێشەنگ لەم بوارەدا.
 
د. ئەمینی ئەقدەم کە ماوەی ساڵێکە لە نەمسا کار دەکات، ئاشکرای کرد کە سەنتەرەکەیان متمانەپێکراوی فیفایە و یەکێکە لە سەنتەرە پێشکەوتووەکانی جیهان بۆ زانست و توێژینەوە، میوانداری دەیان یاریزانی ناوداری تۆپی پێ و یاریزانانی خلیسکێنەی سەر بەفر دەکات و گوتی، "زۆر یاریزانی بەنێوبانگ لە بۆندسلیگای پیاوان و ژنان، لیگی تۆپی پێی ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، و وڵاتانی دیکە دێنە لای ئێمە، ئینزبورگ بەتایبەتی بۆ یاریزانانی خلیسکێنەی سەر بەفر شوێنێکی زۆر بەناوبانگە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە جۆری ئەو پێکانانەی یاریزانان تووشی دەبن، د. ئەمینی ئەقدەم ئاماژەی بە پچڕانی لیگامێنتی ACL (بەندی ئەژنۆ) کرد، کە پێکانێکی باو و مەترسیدارە لەنێو وەرزشواناندا و دەڵێت، "زۆر یاریزانی ناودار وەک یاریزانانی بایرن میونشن، بۆروسیا دۆرتموند، و ریال مەدرید هاتوونەتە لای ئێمە و نەشتەرگەرییان بۆ کراوە."
 
سەبارەت بە رۆڵی خۆی لەم پرۆسەیەدا، د. ئەمینی ئەقدەم گوتی، "من وەک توێژەرێک لە شاری ئینزبورگ و لە زانکۆ کار دەکەم، ئەوە نێتۆرکێکی زانستیی هاوبەشە و من وەک پسپۆڕێک لە بەشی بایۆمیکانیک یان زانستی جووڵەی مرۆڤ، کاری پشکنین دەکەم، ئەنجامی ئەو پشکنینانە یارمەتی پزیشکان دەدات بڕیارێکی وردتر بدەن لەسەر گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ گۆڕەپان، چونکە ئەوان یاریزانێکی زۆر گرانبەهان و گەڕانەوەیان پێویستی بە پشکنینی زانستیی ورد هەیە."
 
لەسەر پرسیاری گەڕانەوەی بۆ کوردستان و خزمەتکردنی وڵاتەکەی، د. ئەمینی ئەقدەم بەداخەوە ئاماژەی بەوەدا کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، واتە لە شاری مەهابادی خۆی، هیچ دەرفەتێکی کارکردن نەبووە و گوتی، "ئەوە رەنگە گەندەڵییەکی سیستەماتیک بێت، بەڵام من لێرە لە ئەورووپا، لە چەندین زانکۆی ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئێستا لە سەنتەری فیفا- میدیکاڵ لە نەمسا کار دەکەم، هیوادارم بۆ داهاتوو کوردستان بتوانێت بەباشی بایەخی پسپۆڕە سەرکەوتووەکانی بزانێت، چ ئەوانەی لە ناوخۆدان و چ ئەوانەی لە دەرەوەن."
 
د. سۆران ئەمینی ئەقدەم، وێڕای دڵخۆشی بە ژیان لە شاری ئینزبورگ (پایتەختی ئەڵپ)، جەختی لەسەر ئامادەیی خۆی و سەدان پسپۆڕی دیکەی کوردپەروەر کردەوە بۆ هاوکاری کوردستان، لەوبارەیەوە دەڵێت، "پێویستمان بە هەڵێکە کە بتوانین ئەو زانست و پێشکەوتنەی لێرە بەدەستمان هێناوە، بگوازینەوە بۆ کوردستان."
 
گوتیشی، "وڵاتە عەرەبییەکان بۆ نموونە قەتەر و سعودیە، هەنگاوی گەورەیان ناوە لە پزیشکیی وەرزشی، نەخۆشخانەیەک هەیە لە دەوحە بەناوی ئەسپیتار، کە پێشەنگە لە ئاستی جیهانیدا و رێنمایی دەداتە فیفا و لیژنەی ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی. ئێمەش دەتوانین وردە وردە هەنگاو بنێین و خزمەتگوزاری پێشکەش بکەین."
 
سەبارەت بەوەی چی دەکرێت لە کوردستان بکرێت، د. ئەمینی ئەقدەم ئاماژەی بە چەند بوارێک کرد کە بریتین لە زانستی جووڵە کە تەنیا بۆ وەرزش نییە، بەڵکو لە دروستکردنی رۆبۆت و ئەندامە دەستکردەکان و چاککردنەوەی جەستەی نەخۆشەکاندا رۆڵی سەرەکی هەیە، هەروەها پشکنینی ورد، کە لە نەخۆشخانەکاندا سەدان کەس تووشی پێکان و کێشەی جەستەیی دەبن و پشکنینی زانستیی ورد یارمەتی پزیشکان دەدات بۆ دانانی پرۆتۆکۆڵێکی دەرمانی دروست، هاوکات باشترکردنی ئاستی وەرزشی کە ئەم زانستە بۆ باشترکردنی ئاستی وەرزشوانان و رێگریکردن لە پێکان بەکاردێت، لە کۆتاییدا کەمپی مەشق، کە کوردستان بەهۆی کەشوهەوا و سروشتە جوانەکەیەوە دەتوانێت ببێتە شوێنێکی گونجاو بۆ کەمپی مەشقی یانە جیهانییەکان و هەڵبژاردە نیشتمانییەکان، کە ئەمەش داهاتێکی زۆر و گەشتیاری زۆر بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنێت.
 
د. ئەمینی ئەقدەم هیوای خواست رۆژێک لە کوردستان بتوانرێت ئەم پڕۆژانە جێبەجێ بکرێن و ببێتە ناوەندێکی پێشکەوتوو لە پزیشکیی وەرزشی و زانستی جووڵەدا.