ئەم ساڵ ماوەی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا زووتر بوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو
رووداو - تەندروستی
بووڵتەنی تەندروستی لەنێو نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی؛ ئەنفلەوەنزای ئەم ساڵ بە خێرایی بڵاو بووەتەوە، ئەم ساڵ ماوەی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا زووتر بوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو و پسپۆڕێک هۆشداری دەداتە گرووپێکی خەڵک کە، ئەگەر پەتاکان بگرن، دەخرێنە چاودێریی چڕ.
د. هاوژین فازڵ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو دەڵێت: بەراورد بە ساڵانی رابردوو، تووشبوون بە نەخۆشییەکان زیاد بووە و نەخۆش شلەمەنی بخواتەوە، پێویستیی بە ژیناو ''موغەزی'' نابێت.
بەگوتەی د. هاوژین فازڵ، بۆ چاکبوونەوەی پەتا، بەکارهێنانی دەرمان بەبێ پشوودان هەڵەیە و نابێت لەکاتی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی پەستانی خوێن بپێورێت.
هۆشداریش دەدات کە هۆکاری ئەنفلەوەنزا ڤایرۆسە و نابێت دژەبەکتریاکان بەکاربهێنرێن.
د. سەفین عوسمان، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی شار یەکێک بوو لە میوانی بووڵتەنەکە و گوتی، لەم مانگەدا زیاتر لە 100 کەس بەهۆی ئەنفلەوەنزاوە لە چاودێریی چڕ خەوێندراون.
د. سەفین عوسمان گوتیشی، ئەم ساڵ بەهۆی ئەنفلەوەنزاوە سەتان کەس لە چاودێریی چڕ خەوێنراون و ئەوانەی بەرگرییان لاوازە، بە تووندی پەتاکان دەگرن.
ئەوەشی باسکرد کە ئەوەی بە تووندی ئەنفلەوەنزای گرتووە، نەچێتە نۆرینگە لاکۆڵانەکان و دەشێت ئەنفلەوەنزا ببێتە هۆی هەوکردنی پەردەی دڵ، هەر بۆیە پەنا بردنە بەر نۆرینگە لاکۆڵانەکان، رەنگە کێشەکە ئاڵۆزتر بکات.
رێباز عەبدوڵڵا، یاریدەدەرێکی پزیشکە و بەشدارە لە بووڵتەنەکە، ئەو دەڵێ، تووشبووانی ئەنفلەوەنزا زیاتر سەردانی نۆرینگەکانی یاریدەدەری پزیشک دەکەن و بەشێکی زۆری تووشبووانی ئەنفلەوەنزا پێویستییان بە دەرمان نییە.
رێباز عەبدوڵڵا گوتی، یاریدەدەرانی پزیشکی بەردەوام رێنوێنی لە سەندیکا وەردەگرن بۆ پێدانی دەرمان بە نەخۆش و زۆرینەی نەخۆشەکانی ئێستا دەڵێن، ''دەرزیی تێکەڵە بەکارناهێنم''.