نەخۆشنامە؛ دەرمانە گیاییەکان ئێسک دەپووکێننەوە و مەترسیدارن

رووداو - تەندروستی

ئازاری جومگە و ئەژنۆ کێشەیەکی باوی نێو خەڵکە بەتایبەت کەسانی بەساڵاچوو، نەخۆشنامەی ئەم هەفتەیەش باسی نەخۆشێک دەکات کە ئازاری جومگەی هەبووە و دوای بەکارهێنانی کۆمەڵێک حەب و دەرمان، ژانەکەی زیاتر و خراپتر دەبێت! دواتر دەردەکەوێت خانمەکە بە هەڵە دەرمانەکانی بەکارهێناوە و تووشی کێشەیەکی جیدی دەبێت.
 
ئەو پزیشکەی ئەو کەیسەی بینیوە میوانی پۆدکاستی نەخۆشنامەیە و دەڵێت: ئەو نەخۆشە بێ ئەوەی بزانێت دەرمانەکان هی چین، بەکاری هێناون و تووشی پووکانەوە و مردنی ئێسکی تۆپی حەوزی بووە لە هەردوو لاوە.
 
د. ئاریان محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی رۆماتیزم و شیاندنەوەی پزیشکی دەڵێت: نەخۆش هەبووە دەرمانی گیایی یاخود دەرمانی قەڵەوی بەکارهێناوە وای لێکردووە کە تووشی پووکانەوەی ئێسک یان لەدەستدانی ئێسک بووە.
 
د. ئاریان روونی دەکاتەوە، بەشێک لەو دەرمانە گیاییانە کە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جومگە هەن، مادەی کۆرتیزۆڵیان تێدایە کە زۆربەکارهێنانی، لێکەوتی مەترسیداری دەبێت.
 
لەبارەی بەکارهێنانی حەبی قەڵەوی د. بڕوا جاف، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جومگەکان و ئێسک و شکان دەڵێت: ''پووکانەوە ئێسک یەکێکە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی حەبەکە و زۆرجار بە ئازار دەستپێدەکات''.
 
د. بڕوا جاف باسی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی کرد و گوتی، هۆکارەکەی نەکردنی وەرزشەکانی خۆگەرمکردنە یاخود جووڵەی نادروست و هەڵە دەکرێت ببێتەهۆی حاڵەتەکە، تەنانەت قەڵەویش بە هۆکارێک دادەنێت.