رۆژی جیهانیی هاوژینانە؛ دڵخۆشیی هاوژینان، هۆکارێکی تەندروستبوونە
رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی هاوژینانە و کۆمەڵەی دەروونناسی لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هاوسەرگیرییەکی بەختەوەر راستەوخۆ پەیوەندیی بە باشتربوونی لایەنی تەندروستییەوە دەبێت بەتایبەت لە بەساڵاچووندا.
کۆمەڵەکە ئەنجامی توێژینەوەیەکی گۆڤاری APA ئاشکرادەکات کە دەرکەوتووە، ئەو هاوژینانەی بەختەوەر بوون، تەندروستریش بوون. پسپۆڕێکیش دەڵێت: دڵخۆشبوون رێگەیەکی تەندروستبوونە.
پسپۆڕانی کۆمەڵەی دەروونناسی لە ئەمریکا پێیان وایە کە هاوبەشی ژیان دەکرێت کاریگەریی لەسەر وەرزش، خەوتن و شێوازی خۆراک هەبێت و هانی یەکدی بدەن بۆ ئەوەی هەمیشە تەندروست بن.
د. ویلیام چۆپیک، پسپۆڕی دەروونناسی لە زانکۆی میشیگن دەڵێت: زۆرجار خانمان زاڵترن بۆ وازهێنان لە خووە خراپەکانی مێردەکانیان، ئەمەش وا لە پیاوانی هاوژیندار دەکات تەندروستتر بن بەراورد بە پیاوانی سەڵت.
هاوکات توێژینەوەیەکی زانکۆی یوتا لە ئەمریکا جەختیش دەکاتەوە کە هاوسەرگیرییەکی دڵخۆش و بەختەوەر تەندروستییەکی باشیشی بەدواوەدێت.