پزیشکێکی کورد ژیانی گەنجێکی سووری لە هەولێر رزگار کرد

رووداو - تەندروستی

تیمێکی پزیشکیی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، ژیانی گەنجێکی 20 ساڵی خەڵکی سووریایان لە مردن رزگارکرد.
 
د. سادق خۆشناو، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی کە سەرپەرشتیی نەشتەرگەرییەکەی کردووە، بە رووداوی راگەیاند، "دوو رۆژ لەمەوبەر کاتێک ئێشکگر بووم، گەنجێکی 20 ساڵییان هێنایە لامان کە لە لێواری مردندا بوو. لە حاڵەتی 'شۆک'دا بوو، نە پەستانی خوێنی مابوو و نە لێدانی دڵی بە جوانی دەخوێندرایەوە، دوای پشکنین، دەرکەوت کە برینی دوازدەگرێی تەقیوە و بەهۆی درەنگ گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە، مەترسیی زۆری لەسەر دروستببوو."
 
 د. سادق خۆشناو دەڵێت، "بە پەلە بردمانە ژووری نەشتەرگەری، نەشتەرگەرییەکە دوو کاژێری خایاند و نزیکەی 4 لیتر کێمان لە سکی دەرهێنا، دوو رۆژ لەژێر چاودێریی چڕدا بوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەمڕۆ چاوی کردەوە و مەترسیی لەسەر نەماوە".
 
ئەو گەنجە سوورییە بۆ بژێویی ژیانی لە هەولێرە و هیچ کەسێکی لەگەڵدا نەبووە، تەنیا هاوڕێیەکی کوردی خەڵکی هەولێر نەبێت کە بەردەوام لەگەڵیدا بووە.
 
د. سادق خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، وەک پزیشک سوێندیان خواردووە کە رەگەز، نەتەوە و ئایین نەبنە بەربەست لە چارەسەرکردنی نەخۆشدا و گوتی، "وەک کوردێکیش، رێزگرتن و میواندۆستی لە خوێنماندایە و هەمیشە دەستی هاوکاری بۆ لێقەوماوان درێژ دەکەین".