حکومەتی ئیسپانیا فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە منداڵان قەدەخە دەکات
رووداو - تەندروستی
حکومەتی ئیسپانیا کار بۆ دەرکردنی رێسایەک دەکات کە فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەخە بکات.
پابلۆ بوستیندوی وەزیری مافە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسپانیا رایگەیاند، رێکارەکان بۆ ئەو خواردنەوانەی کافاینیان زۆر تێدایە توندتر دەبن، بەجۆرێک ئەو خواردنەوانەی زیاتر لە 32 میلیگرام کافاینیان لە هەر 100 میلیلیترێکدا تێدایە، فرۆشتنیان بە منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ رێگەپێدراو نابێت.
وەزارەتەکە خواردنەوە وزەبەخشەکانی خستە لیستی ئەو خۆراکانەی کە ریکلامکردن بۆیان قەدەخەیە، هەروەها لە ساڵی 2024 بەپێی فەرمانێکی شاهانە، فرۆشتنیان لە قوتابخانە و کۆلێژەکاندا قەدەخە کرا.
پابلۆ بوستیندوی دەڵێت داوای لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەکەم کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەو بەرهەمانە بە بازاڕ نەکەن کە زیان بە تەندروستیی منداڵان لە ئیسپانیا دەگەیێنن.
بەپێی راپرسییەک کە لەلایەن ئاژانسی ئیسپانی بۆ سەلامەتیی خۆراک و خۆراکی تەندروست (AESAN) ئەنجامدراوە، لە هەر 10 کەس لە ئیسپانیا 9 کەسیان پشتگیری لەم قەدەخەکارییە دەکەن.