توێژینەوەیەک: گەرمکردنەوەی خۆراک لەنێو دەفری پلاستیک ئەگەری نەزۆکبوون و شێرپەنجە زیاد دەکات

رووداو - تەندروستی

ئەگەر تۆ رۆژانە خۆراک لەنێو قاپی پلاستیکدا دەخۆیت یاخود کەوچک و چنگاڵی سەفەری بەکاردەهێنیت بۆ خواردن، ئەوا بەپێی توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتی تۆ لە مەترسیی جیدیدایت.
 
توێژینەوەیەکی رێکخراوی گرینپیسی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات، ئەو پلاستیکەی بۆ خۆراکەکان بەکاردێن، هەزاران مادەی ژەهراوی تێکەڵ بە خۆراک دەکەن کە دەشێت لە داهاتوودا ببنە هۆی شێرپەنجە و نەزۆکی.
 
هاووڵاتییەکی ئیسپانی دەڵێت، ''راستگۆیانە بڵێم، من شتی لەو جۆرە ناخۆم لەنێو دەفری پلاستیکی، بەلامەوە خۆراکێکی خۆش نین، هاوڕێکانم کە بە تەنیا دەژین خۆراکی لەو شێوانە دەکڕن و هەموو رۆژێک دەیانخۆن''.
 
بەپێی توێژینەوەکە، وردەپلاستیکییەکان ئەم مەترسییانەیان لەسەر مرۆڤ هەیە
 
- تێکچوونی هۆرمۆنەکان
- جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە
- سستبوونی گورچیلەکان
- لاوازیی سێکسی و نەزۆکبوون
 
پسپۆڕ و توێژەرێکی خۆراک لە ئیسپانیا ئاشکرای دەکات، ''بەکارهێنانی ژەمی ئامادەکراو لەنێو پلاستیکدا 30٪ زیاد بووە، بە تووندی بەرهەڵستی ئەو پیسبوونە دەکەین کە مرۆڤ بەهۆی مایکرۆپلاستیکەکانەوە تووشی دەبێت لەکاتی گەرمکردنەوەی خۆراک لەنێو دەفری پلاستیکی یاخود دانانی خۆراک لەنێو قاپی پلاستیکی، چونکە هەرجارێک خۆراک لەنێو مایکرۆوەیڤدا گەرم بکرێتەوە، سەتان هەزار مادەی ژەهراوی لە پلاستیکدا دەردەچن و تێکەڵ بە خۆراکەکە دەبن''.
 
نزیکەی 16 هەزار مادە بۆ قاپ و کەوچکی پلاستیکی بەکاردێن، تاوەکو ئێستاش هەزار و 500 لەو مادانە لەنێو ئەندامەکانی جەستەدا دۆزراونەتەوە و مەترسی دروستدەکەن، چارەسەریش ئەوەیە خۆراک لەنێو شووشە، کانزا و پێکهاتەی سرووشتیدا بخورێت.