ڤێتێرنەریی سلێمانی: قوتوو و لەزگەی ئەو دەرمانە مەترسیدارەی دراوە بە مریشکەکان گۆڕدراوە بۆیە لە بازگەکان تێپەڕیوە

رووداو - تەندروستی

فازڵ عومەر قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت، رایگەیاند: "دەستمان بەسەر ئەو دەرمانەدا گرتووە و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین."
 
هاوکات، د. ئاری سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد کە دەرمانەکە زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیێنێت و گوتی: "قتوو و لەزگەی دەرمانی فیورالتادۆن گۆڕدرابوو بۆیە هاتووەتە نێو هەرێمی کوردستان."
 
د. ئاری سەڵاحەدین جەختیشی کردەوە کە ئامانجیان پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانییانە و ئەو کێڵگانەی کە ویستوویانە دەرمانە زیانبەخشەکە بەکاربهێنن، خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.
 
لە بەدواداچوونەکەی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی "لەگەڵ رەنج"ی رووداو ئاشکرا بوو کە لە چەند پەلەوەرخانەیەکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەرمانی (فیورالتادۆن) دۆزراوەتەوە کە زیاتر لە 40 ساڵە لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە قەدەخەکراوە و بە هەر ئاژەڵ و پەلەوەرێک بدرێت، ئیدی نەخۆش ناکەوێت، بەڵام ئەو کەسەی گۆشت یان هێلکەیان دەخوات، مەترسییەکی زۆری تووشبوونی شێرپەنجەی لەسەرە.
 
زیانەکانی فیورالتادۆن:
 
- بەکارهێنانی بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر قەدەخەیە کە گۆشتی بخورێت
- زیان بە DNA دەگەیێنێت کە سەرەتایەکە بۆ شێرپەنجە
- دەرمانەکە پاشماوەی کیمیایی AMOZ لە جەستەی ئاژەڵەکەدا جێدەهێڵێت
- زیان بە بۆ ماوەیی خانەکانی لەش دەگەیێنێت
- هیچ ئاستێکی سەلامەتیی تێدا نییە و نابێ هیچ کاتێک و بەهیچ رێژەیەک بەکاربهێنرێت و رێژەکەی لە گۆشت، هێلکە و خۆراکدا دەبێ ٪0 بێت.