پەیمانگەی دەروونیی نیویۆرک: رێژەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لەنێو هاوڵاتیانی ئیسرائیلی زیادی کردووە
رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ئەمریکی، بەردەوامیی بۆردوومانەکان ئیسرائیلی رووبەڕووی قەیرانێکی دەروونی کردووەتەوە و رێژەی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و زەبری دەروونی دوای رووداوەکانی (PTSD) نزیکەی دوو هێندە زیادکردووە.
توێژینەوەکە، کە لە پەیمانگەی دەروونیی نیویۆرک لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە هەستی بەردەوامیی مەترسی بووەتە هۆی دەرکەوتنی چەندین نیشانەی دەروونی لەنێو هاووڵاتییانی ئیسرائیل, بەجۆرێک رێژەی تووشبوون بە خەمۆکی لە 31% بۆ 45% بەرزبووەتەوە و رێژەی دڵەڕاوکێی گشتی (GAD) بە هەمان شێوە زیادیکردووە، هەروەها زۆرێک لە دانیشتووان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بە ئاسانی دەترسن و خەونی ناخۆش بە جەنگەوە دەبینن.
توێژینەوەکە دەریدەخات، لەنێو خانماندا سترێس، زەبری دەروونی دوای رووداوەکان و خەمۆکیی دوای منداڵبوون زیادیکردووە، هەروەها عارەبەکانی ئیسرائیل بە بەراورد بە هاوتا جووەکانیان، نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکییان زیاترە و خوێندکاران و گەنجانیش بەهۆی پچڕانی خوێندن و بەرکەوتنی بەردەوامیان بە میدیا، رووبەڕووی سترێسێکی زۆر بوونەتەوە.
لە وەڵامی ئەم قەیرانەدا، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل چەندین "ناوەندی خۆڕاگری" کردووەتەوە کە چارەسەری دەروونیی بێبەرامبەر پێشکێش دەکەن، هاوکات رێکخراوەکانی وەک ERAN و NATAL هێڵی گەرمی 24 کاژێرییان بۆ فریاگوزاریی سۆزداری دابینکردووە و دەڵێن، ژمارەی پەیوەندییەکان بۆیان سێ هێندە زیادیکردووە.