پسپۆڕێکی زانستی مێشک و دەمار: جەنگ کاریگەریی دەروونیی درێژخایەنی لەسەر مرۆڤ هەیە

رووداو - تەندروستی
 
پسپۆڕی زانستی مێشک و دەمار رایگەیاند، جەنگ کاریگەریی دەروونیی درێژخایەنی لەسەر مرۆڤ هەیە و هەندێک لە کاریگەرییەکانی دوای ماوەیەک لە کۆتاییهاتنی جەنگەکە دەردەکەون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-3-2026 د. مەهدی ساڵح پسپۆڕی زانستی مێشک و دەمار لە بوڵتەنی تەندروستی گوتی، "جەنگ کاریگەریی دەکاتە سەر سیستمی خەو، تووڕەبوون و رەفتاری مرۆڤەکان، هەروەها هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ خانەوادە و پلاندانان بۆ داهاتووش تێکدەدات."
 
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵان، ئەو پسپۆڕەی زانستی مێشک و دەمار ئاماژەی بەوەکرد، "منداڵ نازانێت جەنگ بۆچی دەکرێت، بۆیە کاریگەریی لەسەر داهاتووی دەبێت و هەر دەنگێک وادەکات بترسێت و گۆشەگیر دەبێت."
 
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگ، د. مەهدی ساڵح رێنوێنی دەدات کە "پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بکرێن و سەیرکردنی هەواڵەکان کەم بکرێتەوە، گرنگیی زیاتر بە تێکەڵیی خێزان، هاوڕێیان بدرێت و زیاتر گرنگی بە هەواڵە ئەرێنییەکان بدرێت."