کۆمپانیایەکی ئەمریکی بووکەڵەی هاوشێوەی تووشبووانی کۆنیشانەی داون دروستدەکات

رووداو - تەندروستی 

کۆمپانیایەکی تایبەت بە دروستکردنی بووکەڵەی منداڵان، بووکەڵەی باربی دروستدەکات کە هاوشێوەی ئەو منداڵانەیە کە نیشانەکانی نەخۆشیی کۆنیشانەی داونیان هەیە، کۆمپانیاکەش رایدەگەیێنێت، ئامانجیانە جوانیی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشییەکە لە بووکەڵەکانەوە ببیندرێت.
 
کۆمپانیای ماتێڵی ئەمریکی لە رابردوودا بووکەڵەی جۆری باربی لە شێوەی تووشبووانی نەخۆشیی بەڵەکی، پەککەوتەیی، لەدەستدانی هەستی بیستن و قاچی دەستکرد دروستکردووە، بەڵام لە نوێترین بەرهەمیدا بووکەڵەی لە شێوەی تووشبووانی کۆنیشانەی داون بە هاوکاریی کۆمەڵەی نیشتمانیی کۆنیشانەی داون دروستکردووە.
 
کاندی پیکارد، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانیی کۆنیشانەی داون دەڵێت: ''بووکەڵەکان لە شێوە، قەبارە، جلوبەرگ و رووخساریان نیشانەکانی نەخۆشیی داون دەردەخەن، تەنانەت هەڵبژاردنی رەنگی جلوبەرگەکانیش دەرخەری تایبەتمەندێتیی نەخۆشییەکەیە.'' 
 
بە گوێرەی کۆمپانیاکە بووکەڵە نوێیەکان نیشانەکانی وەکو 'ناڕێکیی پەلەکانی جەستە، کورتیی باڵا، گوێی بچووک، ناڕێکیی شێوەی چاو و لووت'ـیان هەیە، تەنانەت لەپی دەستیان یەک هێڵی تێدایە کە لە زۆربەی تووشبووانی نەخۆشیی داوندا بەدیدەکرێت. 
 
لیزا ماکنایت، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای ماتێڵ رایدەگەیێنێت، رەنگی جلوبەرگەکانی بووکەڵەکان پێکدێت لە 'زەرد و شین' و هێمای پەپوولەی تێدایە کە هێمای پەیوەندیدارە بە هۆشیاریی کۆنیشانەی داون.
 
لە کۆتاییدا جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە دەریدەخات، ئامانجیانە ئەو هەستە بە منداڵی تووشبوو بە نەخۆشییەکە ببەخشن کە خۆیان لە نێو بووکەڵەکاندا ببینن و منداڵانی دیکەش هانبدەن لەگەڵ بووکەڵەیەکدا یاریی بکەن کە لەخۆیان ناچن و جیاوازن.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، کۆنیشانەی داون تێکچوونێکی بۆماوەییە و کەسی تووشبوو ناڕێکیی رەفتار، دەروونی و جەستەیی دەبێت، هەروەها هۆکارێکی سەرەکی بۆ نەخۆشییەکە دووگیانبوونی دایکە لە تەمەنە زۆرەکاندا وەکو سەروو تەمەنی 35 ساڵ.