پسپۆڕێکی چارەسەری سرووشتی: بە راهێنانی سرووشتی دەتوانرێت تام و بۆن بگەڕێندرێتەوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی چارەسەری سرووشتی رایدەگەیێنێت، لەدەستدانی هەستی تام و بۆن نیشانەی باوی پەتا وەرزییەکان و کۆرۆنایە و دەشڵێت: بە راهێنانی تایبەت دەتواندرێت ئەو هەستانە بۆ کەسانی چاکبووەوە بگەڕێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 26-4-2023 لە بوولتەنی نوورۆژدا دکتۆر عەلی حوسێن، پسپۆڕی چارەسەری سرووشتی و مامۆستای زانکۆ لەبارەی نەمانی هەستی تامکردن و بۆنکردنی ئەو کەسانەی لە کۆرۆنا و پەتای وەرزی چاکبوونەتەوە دەڵێت: ''هەندێک جار شەش مانگ تاوەکو دوو ساڵ دەخایەنێت، بەڵام بە چارەسەری سرووشتی دەکرێت هەستی بۆنکردن بگەڕێتەوە.''
لە بارەی هۆکاری نەمانی هەستەکانی تام و بۆن دکتۆر عەلی گوتی، ڤایرۆسەکان هێرشدەکەنە سەر دەمارە راگەیاندنەکانی نێوپۆشی دەم و لووت بەمەش هەستی بۆنکردن و تامکردن کەم دەبێتەوە یاخود نامێنێت.
هەروەها گوتیشی، بە شێوەیەکی ئاسایی دوای دوو هەفتە لە چاکبوونەوە و بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەهەوکردن تام و بۆن دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر درێژەی کێشا ئەوا پێویستە ئەو کەسە چەند راهێنانێکی تایبەت ئەنجامبدات کە هەندێکیان دەتوانێت خۆی بیکات و هەندێک لە راهێنانەکانیش دەبێت لەلایەن چارەسەرکاری سرووشتییەوە بۆی بکرێت.
هاوکات یەکێک لە رێگەکان باسدەکات کە بەکارهێنانی بۆنی بەهێز و جیاوازە لە ماوەی 20 چرکەدا، بەجۆرێک کەسی تووشبوو دەتوانێت بۆ ماوەی 20 چرکە رۆژانە بۆنی 'زەنجەبیل، مێخەک یاخود زەیتی زەیتوون' بکات
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکەی چارەسەری سرووشتی گوتی، ''بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ هیچ دەرمانێک بەکارنەهێندرێت''، چونکە هەندێکجار بەکارهێنانی دەرمانی هەڵە و ناپێویست دەکرێت نیشانەی پەتا وەرزییەکان زۆر خراپتر بکات.