بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی: هەوڵی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستمی تۆماری نەخۆشەکان دەدەین
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی رایدەگەیێنێت، بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستمی تۆماری نەخۆشەکان یەکێکە لە پڕۆژەکانیان و دەیانەوێت لەڕێگەی ئەو سیستمەوە راییکردنی کارەکانی نەخۆش باشتر بکەن.
ئەمڕۆ شەممە 26-4-2025 لە چالاکییەکی وەرزشیدا کە داهاتەکەی بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر بوو، د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، هاوکاریکردنی مادی بە نەخۆشخانەکە وا لە پڕۆژە ستراتیژییەکان دەکات جێبەجێ بکرێن، تاوەکو کواڵیتیی راییکردنی کارەکانی نەخۆش و سیستمی نەخۆشخانەکە بەرەو پێشەوە بچێت.
ئەمڕۆ ''راکردنی ئومێد'' بە بەشداریی زیاتر لە هەزار و 500 کەس بەڕێوەچوو کە چالاکییەکی راکردن بوو بە دووریی سێ کیلۆمەتر، خاڵی دەستپێک لە شەقامی کەرکووک نزیک یاریگەی فرانسۆ هەریری دەستیپێکرد و لەنێو نەخۆشخانەی نانەکەلی کۆتایی هات و براوەکانی راکردنەکە دەستنیشان کران.
ئامارەکانی شێرپەنجە لە باشووری کوردستان لە ساڵانی 2023 و 2024
لە هەولێر ساڵی 2023= 5456 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە هەولێر ساڵی 2024= 4983 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە سلێمانی ساڵی 2023= 2796 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە سلێمانی ساڵی 2024= 3310 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە دهۆک ساڵی 2023= 1250 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون
لە دهۆک ساڵی 2024= 1303 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون
لە کەرکووک ساڵی 2023= 1116تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە کەرکووک ساڵی 2024= 1276 تووشبووی نوێ تۆمارکراون