پسپۆڕێکی خۆراک سوودە جیاوازەکانی گیابەهارییەکان دەخاتەڕوو
رووداو - تەندروستی
لەگەڵ بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی گیابەهارییەکان لە خورماڵ، پسپۆڕێکی خۆراک سوودەکانی بەشێک لەو بەرهەمانە دەخاتەڕوو.
د. سەلمان جاف، پسپۆڕی خۆراک رایگەیاند، گیابەهارییەکان بە گشتی دەوڵەمەندن بە مادەی خۆراکیی بەسوود و بۆ پاراستنی تەندروستی گرنگن، کەنگر یارمەتیی پاراستنی جگەر و کرداری هەرس دەدات، هەروەها چەوریی خوێن دادەبەزێنێت، ئەو پسپۆڕەی خۆراک پێشنیازی کرد کەنگر بە کوڵاوی بخورێت و بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵنەگیرێت، چونکە بەها خۆراکییەکانی کەم دەکاتەوە.
د. سەلمان جاف ئاماژەی بەوەدا کە رێواس بەهۆی بوونی ریشاڵی زۆرەوە یارمەتیی دابەزاندنی ئاستی شەکرە دەدات و بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە بەسوودە، د. سەلمان جاف هۆشداریی دا لە خواردنی گەڵای رێواس و گوتی، "ئەوانەی کێشەی گورچیلەیان هەیە باشترە رێواس نەخۆن."
سەبارەت بە هەڵوژە، ئەو پسپۆڕەی خۆراک گوتی، "هەڵوژە ریشاڵی زۆرە و رێژەی شەکری کەمە، بۆیە خواردنی هەڵوژەی پێنەگەیشتوو بۆ ئەو کەسانەی شەکرەیان هەیە، بەسوودە."
د. سەلمان جاف روونیکردەوە کە شلیک تایبەتمەندیی دژەشێرپەنجەی هەیە و پێست دەپارێزێت، هەروەها گۆزەروان بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی میزڵدان بەسوودە.