پێش خواردنی جگەری ئاژەڵ، ئەمانە بزانە
رووداو - تەندروستی
جگەری ئاژەڵ بەتایبەت ئەگەر بکرێت بە شیشەوە و ببرژێندرێت، تامێکی تایبەتی هەیە و خۆراکێکی دڵخوازی خەڵکە.
بەپێی سەرچاوەکانی کۆمەڵەی خۆراک لە ئەمریکا،FDA و مایۆکلینیک، ئەمانەی خوارەوە گرنگترین ئەو زانیارییانەن کە پێویستە هەموو کەسێک پێش خواردنی جگەر بیانزانێت؛
- دەوڵەمەندە بە کانزاکان (ئاسن، مەگنسیۆم، فۆسفۆڕ و زینک).
- باشترە هەفتەی دوو جار بخورێت.
- ئەوانەی حەبی فۆڵیک ئەسید دەخۆن، باشترە جگەر نەخۆن.
- جگەری ئەو ئاژەڵە خراپە کە لە هەمان رۆژی کوتانی یاخود پێدانی دەرمان سەربڕدرابێت.
- چەوری و شەکرێکی زۆر کەمی تێدایە.
- پڕە لە پڕۆتین.
پسپۆڕان هۆکاری ئەوەی کە دەبێت خانمانی دووگیان بە وریاییەوە جگەر بخۆن، بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەو خۆراکە پڕە لە مادەی ئاسن، کاتێکیش خانمێک لەو ماوەیەدا حەبی فۆڵیک ئەسید دەخوات کە بۆ زیادکردنی ئاسنە. ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی ئاسن لە جەستەی خانمەکە و ژەهراویبوون.
پاشانیش پسپۆڕانی خۆراک پێیان باشە، جگەر هەفتەی دوو جار بخورێت، بۆ ئەوەی هاوسەنگیی جەستە بپارێزێت و زێدەڕۆیی لە خواردنی نەکرێت.
بەگوێرەی دەزگای خزمەتگوزارییەکانی سەلامەتیی خۆراکی ئەمریکی، جگەری ئەو ئاژەڵە خراپە کە لە هەمان رۆژ یاخود رۆژی دواتری کوتانی یاخود پێدانی دەرمانی دژەبەکتریا سەرببڕدرێت، چونکە جگەر کارلێک لەگەڵ دەرمانەکە دەکات و دەبێتە کۆگەی ژەهر. بەڵام ئەگەر دوای چەند رۆژێک لە پێدانی دەرمانەکە ئاژەڵەکە سەرببڕدرێت، ئەوا جگەرەکەی کێشەی نابێت چونکە ''جگەر شوێنی کۆگەکردنی ژەهر نییە، بەڵکو تەنیا کاری شیکردنەوەی ژەهرەکانە و فڕێدانیەتی بۆ دەرەوە''.