پسپۆڕێکی حکومڕانیی تەندروستی: چەند هۆکارێک رێگرن لەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بچنە لیستی شارە تەندروستەکان

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕی حکومڕانیی تەندروستی و تەندروستی کۆمەڵ رایدەگەیێنێت، چەندین هۆکار هەن کە وایانکردووە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە لیستی تەندروستترین شارەکانی جیهاندا نەبن، گرنگترینیان نەبوونی سیستمێکی ئاماری نیشتمانییە.
 
د. ئارام سەڵاح، پسپۆڕی حکومڕانیی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، "نەبوونی سیستمێکی ئاماری نیشتمانی کە تێیدا ئامارەکانی وەک پیسبوونی هەوا، چالاکیی جەستەیی، قەڵەوی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان تۆمار بکرێن، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی شارەکانمان لەو لیستەدا نەبن."
 
بە گوتەی د. ئارام سەڵاح، شاری تەندروست لە پاکیی هەواکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی پڕۆژەی روناکییەوە (کارەبای نیشتمانی)، پیسبوونی هەوا کەمبووەتەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، د. ئارام سەڵاح، زیادبوونی رێژەی ئۆتۆمبێل، نەبوونی رێڕەوی تایبەت بە پاسکیلسواری و نەبوونی گواستنەوەی گشتیی کارا، وەک کێشەیەکی دیکە دەستنیشان دەکات کە رێگرن لە دروستبوونی شارێکی تەندروست.
 
د. ئارام سەڵاح جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە وەزارەتەکان هاوئاهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت بۆ ئەوەی تەندروستیی گشتی بەرەوپێش ببەن."