نهێنیی گەشەکردنی شێرپەنجەی خوێن لە منداڵانی تووشبوو بە داون سیندرۆم ئاشکرا بوو
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی لە ئەڵمانیا دەریخستووە کە یەک گۆڕانکاریی بۆماوەیی دەبێتە هۆی گەشەکردنی جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجەی خوێن (لۆکیمیا) لە منداڵانی تووشبوو بە داون سیندرۆم.
تیمێکی توێژەر لە زانکۆی Goethe لە ئەڵمانیا، توێژینەوەیان لەسەر جیاوازیی نێوان خانە شێرپەنجەییەکان و خانە پێش-شێرپەنجەییەکان کردووە بۆ ئەوەی تێبگەن بۆچی هەندێکیان دەگۆڕێن بۆ شێرپەنجە و هەندێکی دیکەیان ناگۆڕێن بۆیان دەرکەوتووە منداڵانی تووشبوو بە داون سیندرۆم، 150 جار زیاتر لە منداڵانی دیکە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێنی مایلۆید (ML-DS) هەیە، هەرچەندە مەترسیی تووشبوونیان بە جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە کەمترە.
د. جاک بارترام یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە گوتی: "هەرچەندە هەردوو جۆرە خانەکە لەژێر مایکرۆسکۆپدا وەک یەک دەردەکەون، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە چالاکیی جینەکانیان جیاوازە، ئەمەش یارمەتیان دەدات پێشبینیی ئەوە بکەن کام خانەی TAM ئەگەری هەیە ببێتە شێرپەنجە."
ئەم جۆرەی شێرپەنجەی خوێن لە حاڵەتێکی پێش-شێرپەنجەییەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە (TAM) ناسراوە و نزیکەی 15% بۆ 30%ی منداڵانی تووشبوو بە داون سیندرۆم لە کاتی لەدایکبووندا هەیانە، خانەکانی TAM پێویستیان بە گۆڕانکاریی بۆماوەیی زیاترە بۆ ئەوەی ببنە شێرپەنجە.