لە بەرنامەی دکتۆر ئاراسەوە بۆ سەرۆکوەزیران؛ شوێنی تایبەتی پایسکیلسواری دروستبکرێت

رووداو - تەندروستی

بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس لە دوو مژاری سەرەکی پێکهاتبوو، باسکردنی چەند هەڵەیەک کە پێش دووگیانبوون دەکرێت و کۆرپەلە تووشی نەخۆشیی سکماکی دەکات، هەروەها سوودە تەندروستییەکانی پایسکیلسواری و ئاستەنگییەکانی بەردەم هاتووچۆکردنی پایسکیلسواران.
 
مزەفەر حەمید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی پایسکلیسوارانی عێراق لەنێو بەرنامە بەشدارە و دەڵێت، زۆر پایسکیلسوار داوای دروستکردنی شەقام یاخود شوێنی تایبەت بە پایسکیلسواری دەکەن لەنێو شاری هەولێر، چونکە بەشێکی زۆریان لەبەر کەمیی شوێن ناتوانن راهێنان بکەن و دەستگیر کراون.
 
مزەفەر حەمید داوایەک ئاڕاستەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: شوێنی پایسکیلسواریمان نییە و داوای دروستکردنی لێدەکەین.
 
کەنعان ئیسماعیل، جێگری یەکێتیی پایسکیلسوارانی کوردستان رایگەیاند، یاریزانانمان دەستکەوتی زۆر گەورەیان هەبووە و ئەم وەرزشەمان لەڕووی تەندروستییەوە سوودێکی زۆری بە گەنجان گەیاندووە.
 
کەنعان ئیسماعیل موژدە بە پایسکیلسوارانی هەولێر دەدات کە لەگەڵ پارێزگای هەولێر پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی پایسکیلیان لەسەر شەقامەکاندا هەیە و دەچێتە واری جێبەجێکردن.
 
''پایسکیلسواری باڵای منداڵ زیاد دەکات''
 
د. دڵزار ئەدهەم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، پایسکیلسواری یارمەتیدەرە بۆ زیادبوونی باڵای منداڵان و گەشەشیان زیاد دەکات، چونکە منداڵ ماندوو دەکات و بەمەش زوو دەخەون، ئەم زوو خەوتنەش گەشەی ئێسکەکان باشتر دەکات و لەو رووەوە، باڵایم منداڵ زیاد دەبێت.
 

''پایسکیلی کارەبایی سوودی تەندروستیی نییە''
 
د. دێدەوان نامیق، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان دەڵێت: پایسکیلی کارەبایی سوودی تەندروستیی نییە، چونکە منداڵ توانا و هێزی خۆی بەکارناهێنێت و تەنیا بۆ گواستنەوە دەڕوات. تەنانەت کێشی پایسکیلی ئەلیکترۆنی زیاترە و خێراییەکەشی کۆنتڕۆڵنەکراوە. بەڵام پایسکیلی ئاسایی خێراییەکەی کۆنتڕۆڵکراوە و بە هێزی منداڵەکە دەڕوات.
 
ئاماژەشی بەوەدا کە رووداوی هاتووچۆ بەهۆی پایسکیلی کارەبایی زۆر مەترسیدارترە لە رووداوی هاتووچۆ بەهۆی پایسکیلی ئاسایی.
 

''کڵاوی پارێزەر مێشکی منداڵ لە رووداوی هاتووچۆ دەپارێزێت''
 
د. ئەڤین عومەر، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەکانی پشت دەڵێت: کڵاو ناهێڵێت زەبری تووند بەر مێشک بکەوێت، ئەو چینی فوومە یاخود تەپەدۆرەی تێیدایە هێزی زەبری بەرکەوتوو کەم دەکاتەوە. پاشانیش کڵاو خێرایی ئەو زەبرەی بەر کەسەکە کەوتووە، کەمتر دەکاتەوە.