گوتەبێژی دەزگای ئاسایش: پزیشکی دەروونی و توێژەرمان بۆ بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر دابین کردوون

رووداو - تەندروستی

گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە چاکسازییەکان بەکارهێنەرە دەستگیرکراوەکانی مادەی هۆشبەریان لەگەڵ بازرگانانی مادەی هۆشبەر جیا کردووەتەوە و چارەسەری دەروونیشیان بۆ دابین کردوون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-6-2025 هاوتا لەگەڵ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر؛ سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ 520 کەس بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراو کە 243ـیان بەکارهێنەر بوون.
 
سەلام عەبدولخالق بەکارهێنەرانی دەستگیرکراوی مادەی هۆشبەر بە ''راگیراو'' ناودەبات و دەڵێت: پزیشکانی دەروونیمان بۆ دابین کردوون و هەفتانە توێژەری کۆمەڵایەتی سەردانیان دەکات.
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، ئەمساڵ نزیکەی 500 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە؛ کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستانیش گوتی، ''دوو ملیۆن بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر لە عێراقدا هەن و عێراق بووەتە بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر.
 
بەپێی د. شێروان خەسرەو، راهێنەر و پسپۆڕی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر کە بە رووداوی گوتووە؛ سەنتەرەکانی شیاندنەوەی ئالوودەبووان دەبێت لە سێ بەش و قۆناخ پێکبێت.
 
قۆناخی یەکەم؛ خاوێنکردنەوەی جەستەی بەکارهێنەرە لە مادەی هۆشبەر کە پشت بە ماوەی بەکارهێنان و جۆرەکەی دەبەستێت و نزیکەی 7 تاوەکو 40 رۆژ دەخایەنێت.
 
قۆناخی دووەم؛ شیاندنەوەی جەستە و دەروونی ئالوودەبووانە بۆ باری ئاسایی کە بە دانیشتن لەگەڵ کەسەکە دەکرێت و لانیکەم شەش مانگی پێویستە.
 
قۆناخی سێیەم؛ قۆناخی چاودێریکردن کە ساڵێک دەخایەنێت.