د. سەباح هەورامی: نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر پێویستە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک گومانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری لێبکرێت پێویستە بە پشکنین پشتڕاستی بکەینەوە و بۆ ئەمەش تاقیگەی تایبەت بەوە هەیە. دابینکردنی نەخۆشخانەیەکی شیاندنەوەی ئالوودەبووانیش لە پارێزگاکە باس دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-6-2025 د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، پێویستە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر هەبێت؛ بۆ ئەمەش ئێستا نەخۆشخانەی شەهید سەڵاحی موهەندیس چۆڵ کراوە و نۆژەن کراوەتەوە بۆ ئەوەی بکرێت بە نەخۆشخانەیەکی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر.
ئەوەشی دووپاتکردەوە، شوێنی جوگرافیی سلێمانی هاندەرێکی سەرەکییە بۆ زیادبوونی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر تێیدا.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، ئەمساڵ نزیکەی 500 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە؛ کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستانیش گوتی، ''دوو ملیۆن بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر لە عێراقدا هەن و عێراق بووەتە بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر''.
بەپێی د. شێروان خەسرەو، راهێنەر و پسپۆڕی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر کە بە رووداوی گوتووە؛ سەنتەرەکانی شیاندنەوەی ئالوودەبووان دەبێت لە سێ بەش و قۆناخ پێکبێت.
قۆناخی یەکەم؛ خاوێنکردنەوەی جەستەی بەکارهێنەرە لە مادەی هۆشبەر کە پشت بە ماوەی بەکارهێنان و جۆرەکەی دەبەستێت و نزیکەی 7 تاوەکو 40 رۆژ دەخایەنێت.
قۆناخی دووەم؛ شیاندنەوەی جەستە و دەروونی ئالوودەبووانە بۆ باری ئاسایی کە بە دانیشتن لەگەڵ کەسەکە دەکرێت و لانیکەم شەش مانگی پێویستە.
قۆناخی سێیەم؛ قۆناخی چاودێریکردن کە ساڵێک دەخایەنێت.