پزیشکێک: بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر وەکو نەخۆش سەیر بکرێن نەک وەکو تاوانبار
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی نەخۆشییە دەروونییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر و ئەوانەشی کە بۆ بەکارهێنانی تێوەدەگلێن، پێویستە وەکو نەخۆش سەیریان بکرێت نەک وەکو تاوانبار.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-6-2025 دکتۆر ئازاد خۆشناو، پزیشکی نەخۆشییە دەروونییەکان لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، بەشێکی ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر مادە هۆشبەرەکان کێشەیەکی دەروونییان هەیە بەتایبەت دوودڵی و دڵەڕاوکێ.
دکتۆر ئازاد خۆشناو دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان بەشێکی یاساکانی مادە هۆشبەرەکان پەیڕەو ناکرێن، بەتایبەت ئەوەی کە کەسی بەکارهێنەر وەکو نەخۆش مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت نەک وەکو تاوانبار ببرێتە گرتووخانەکان.
هەر بۆیە دەشڵێت: ''نابێت کەسی ئالوودەبوو لە کۆمەڵگە دوور بخرێتەوە، چونکە یەکێک لە چارەسەرییەکان تێکەڵاوبوونیەتی لەگەڵ کەسانی دیکە''، ئەمەش دوای وەرگرتنی چارەسەرە سەرەتاییەکان بۆ نەمانی کاریگەریی مادە هۆشبەرەکە لەنێو جەستەی.