چیرۆکی دەرچووی بەشێكی پزیشکی کە بە وێنەکێشان بژێوی ژیانی بەدەستدێنێت

رووداو - تەندروستی

دەرچوویەکی بەشێکی پزیشکی لە هەولێر کاری وێنەکێشان دەکات و بەشێکی بژێوی ژیانی خۆی لەو رێگەیەوە دابیندەکات، ئەو دەڵێت، وێنەکێشان گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی کەمدەکاتەوە.
 
دوین نەوزاد تەمەنی 23 ساڵە و دەرچووی بەشی مایکرۆبایۆلۆژییە لە زانکۆی هەولێری پزیشکی، هەرچەندە پسپۆڕییەکەی دوورە لەم کارەی کە ئێستا بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیانی کردوویەتی بە پیشە، بەڵام دەڵێت: ''دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان دەتوانن لە بوارێکی دوور لە بەشەکەیان پەرە بە بەهرەکانیان بدەن و تەنانەت بیکەن بە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان''.
 
ئەو خانمە گەنجە باسی وێنەیەکی دەکات کە لە ئەکتەری فیلمەکانەوە وەری گرتووە و چیرۆکێکی رۆمانسی لە پشتە، روونیشی دەکاتەوە، هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیای وێنەکێشان بووە و نزیکەی 14 ساڵە وێنەدەکێشێت.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا دوین نەوزاد کە ساڵێکە بەشی مایکرۆبایۆلۆژیی تەواوکردووە، پەیامێک بە تازەدەرچووان دەدات و دەڵێت: ''هەرگیز مەوەستن و کار بکەن بۆ پێشکەوتنی بەهرەکانتان و هەمیشە فێری شتی نوێ بن''.