تورکیا بووەتە شوێنی نەشتەرگەرییەکی دەگمەن؛ ژنان باڵایان کورت دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا لە بواری گەشتیاریی پزیشکیدا بووەتە ناونیشانێکی سەرنجڕاکێش بۆ نەشتەرگەرییەکی نوێ: کورتکردنەوەی باڵا. ئەم نەشتەرگەرییە نائاساییە، بەتایبەتی لەنێو ژناندا خواستی زۆری لەسەرە.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی "دەیلی مەیلی بەریتانی"، ژمارەیەکی زۆر ژن لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە بۆ نەشتەرگەریی کورتکردنەوەی باڵا، سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەکانی ئیستەنبووڵ دەکەن.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، تەنیا لە ساڵی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان، ئەم نەشتەرگەرییە بۆ 10 کەسی بیانی کراوە. ئاماژە بەوەشکراوە کە نەخۆشخانەکە جگە لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، چالاکیی کۆمەڵایەتیی وەک گەشتی شار، سەردانی رێستۆرانت و گەشتی بەلەمی بۆ چارەخوازەکان رێکخستووە.
نەشتەرگەریی کورتکردنەوەی باڵا، پرۆسەیەکی پزیشکیی ئاڵۆزە. لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا، ئێسکی ران دەبڕدرێت و پارچەیەکی لێ دەردەهێندرێت، دواتر هەردوو سەری ئێسکەکە بە میلێکی کانزایی پێکەوە دەبەسترێنەوە. چارەخوازان لەم ماوەیەدا قۆناخێکی چاکبوونەوەی سەختی جەستەیی و دەروونی بەڕێدەکەن.
پزیشکە پسپۆڕەکان دەڵێن، بەم نەشتەرگەرییە دەکرێت نزیکەی 5.5 سانتیمەتر لە ران و 3 سانتیمەتر لە بەشی خوارەوەی قاچ کورت بکرێتەوە. بەڵام ئەم کارە تەنیا بۆ هۆکاری جوانکاری نییە، هەندێکجار بەهۆی کێشەی تەندروستی وەک خراپیی شێوازی راوەستان یان ئازاری جومگەی ئەژنۆوە پەنای بۆ دەبرێت.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە مەترسیی جددییان هەیە. کەمبوونەوەی هێزی ماسولکە، ناسەقامگیریی جومگەکان، مەترسیی هەوکردن و پێویستبوون بە چارەسەری سرووشتیی درێژخایەن، لە دیارترین لێکەوتە نەرێنییەکانن. یەکێک لە دەگمەنترین و مەترسیدارترین لێکەوتەکانیش، گیرانی بۆرییەکانی خوێنە بەهۆی چەورییەوە، کە دەکرێت مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکە دروست بکات.
یەکێک لە دیارترین پاڵنەرەکانی ژنان بۆ کردنی ئەم نەشتەرگەرییە، پێشبینییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەزموونە تایبەتەکانی ژیانیانە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر لە ژنان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی باڵابەرزییەوە لە پەیوەندییەکانیاندا تووشی کێشە بوون. گوتەی وەک "نامەوێت لەو پیاوە باڵابەرزتر دەربکەوم کە خۆشم دەوێت" یان "پیاوان بەوە نیگەران دەبن کە هاوژینەکانیان لە خۆیان باڵابەرزتر بن" نموونەی ئەو هۆکارانەن کە لەپشت ئەم بڕیارەوەن.
هەندێک لێکۆڵینەوەش دەریانخستووە زۆرینەی پیاوان نایانەوێت لە هاوبەشی ژیانیان کورتتر بن، لە بەرامبەردا ژنانیش زیاتر حەز بە پیاوی لە خۆیان باڵابەرزتر دەکەن.