راوێژکارێکی سوودانی: کارگەیەکی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە لە سلێمانی دروستدەکرێت

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری تەندروستی رایدەگەیێنێت، پلانیان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ رێژەی بەرهەمهێنانی دەرمان لەنێوخۆی عێراقدا بگەیێننە 50٪. ئاماژە بەوەش دەکات، چوار کارگەی نوێی بەرهەمهێنانی دەرمانی چارەسەری شێرپەنجە لە قۆناخی دروستکردندان و یەکێکیان دەکەوێتە سلێمانی.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 26-08-2025، د. حەموودی لامی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری تەندروستی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆتایی 2022، بەرهەمی نێوخۆیی دەرمان تەنیا 9٪ی پێداویستییەکانی پڕدەکردەوە، بەڵام ئێستا بۆ زیاتر لە 38٪ بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەکەین لە شەش مانگی داهاتوودا بگاتە 50٪."
 
بە گوتەی راوێژکارەکەی سوودانی، ژمارەی کارگە کاراکانی بەرهەمهێنانی دەرمان لە 22 کارگەوە بۆ 34 کارگە زیادیکردووە و بە توانای تەواو کاردەکەن. گوتیشی: "17 کارگەی دیکە لە قۆناخی دروستکردندان و رێژەی تەواوبوونیان لەنێوان 70٪ بۆ 90٪ـدایە، هاوکات 178 داواکاریی نوێش بۆ دروستکردنی کارگەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە پێشکێشکراون."
 
د. حەموودی لامی ئاماژەی بەوەدا، عێراق لە بەرهەمهێنانی ژیناو (مغذی) و سرنجی دەرزیدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و زیاتر لە 2000 جۆر دەرمان لە کارگە نێوخۆییەکاندا بەرهەمدەهێنرێن.
 
چوار کارگەی دەرمانی شێرپەنجە 
 
راوێژکارەکەی سوودانی ئاشکرای کرد، چوار کارگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی دەرمانی چارەسەری شێرپەنجە لە قۆناخی دروستکردندان کە بریتین لە:
 
کارگەی یەکەمی بەغدا: گەورەترینە لە ناوچەکەدا و تێچووەکەی زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلارە. قۆناخی یەکەمی لە دوو مانگی داهاتوودا دەکرێتەوە.
 
کارگەی بەسرە: کارەکانی لە تەواوبووندایە و پێش کۆتایی ئەمساڵ دەکەوێتە کار.
 
کارگەی دووەمی بەغدا: پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو تەواو بێت.
 
کارگەی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی: سەر بە کۆمپانیای پایۆنیرە و پێش کۆتایی ئەمساڵ دەست بە بەرهەمهێنان دەکات.
 
سەبارەت بە کوالێتیی دەرمانەکانیش، د. حەموودی لامی گوتی: "بەرهەمهێنانەکە بەگوێرەی نوێترین ستانداردە جیهانییەکان و دەستووری دەرمانی ئەمریکی و بەریتانی دەبێت و بۆ چارەسەری شێرپەنجەی مەمک، پرۆستات و هەندێک جۆری شێرپەنجەی خوێن بەکاردێن."
 
"پشکی هەرێمی کوردستان پارێزراوە"
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی رایگەیاند: "دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بە یەکسانی بەسەر هەموو پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجوومەنێکی هاوئاهەنگیی پیشەسازی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران پێکهێنراوە کە نوێنەری هەرێمی کوردستانیشی تێدایە و "سەرجەم بڕیارەکانی پەیوەست بە کەرتی پزیشکی بە کۆی دەنگ دەدرێن."
 
کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە لە ساڵی 1965 دامەزراوە، تاکە کۆمپانیای فەرمیی سەر بە حکومەتی عێراقە بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان و چەندین لقی لە پارێزگاکانی عێراقدا هەیە.