پسپۆڕێک: جلوبەرگەکانتان بە جلشۆر وشک مەکەنەوە، بەڵکو بە تەنافەوە هەڵیواسن

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی جیۆکیمیای ژینگەیی رایدەگەیێنێت، بەپێی دواین توێژینەوەکانی تاقیکاریی زانایانی زانکۆی سیتی هۆنگ کۆنگ، ساڵانە یەک وشککەرەوەی جلوبەرگ نزیکەی 120 ملیۆن مایکرۆفایبەر دەردەداتە هەوا کە 40 هێندەی ئەو مایکرۆفایبەرەیە کە لە ئاوەڕۆی ئامێری جل شۆرەکە دەردەچێت کە دواجار پیسبوونی ژینگە، ئاو و هەوای لێدەکەوێتەوە.
 
رۆشنا عەلی حەمەڕەشید، ماستەر لە جیۆکیمیای ژینگەیی بە رووداوی راگەیاند، مایکرۆفایبەر (micro fiber) واتە دەزوولەی ورد یاخود تەنۆڵکەی بچووکی ئەو کەلوپەل و جلوبەرگانەی کە لە پۆڵستەر و لۆکە دروستکراون کە بە چاو نابینرێن، بەڵکو لە ژێر مایکرۆسکۆدا دەبینرێن، قەتیزبوونی ئەو هەوایەی کە دەنکۆڵەی مایکرۆفایبەرەکانی تێدایە لە ماڵەوە و هەڵمژینی لەڕێگەی هەناسەدانەوە لە لایەن ئەندامانی خێزانەوە دەبێتە هۆی گیرانی بۆڕیی هەناسە و هەناسەتەنگی و چوونە ناوەوەی مایکرۆفابەرەکان بۆ تەواوی جەستەمان.
 
هەر بۆیە ئەم رێنوێنییانە باس دەکات لەبارەی چۆنیەتیی خۆپاراستن لە مایکرۆفایبەرەکانی جلشۆرەکان؛
 
1- پێویستە ئامێری جلشۆر (غسالە) لە شوێنێکی کراوەی ماڵدا دابنرێت کە هەواگۆڕکێی هەبێت لەگەڵ دەرەوەدا بۆ ئەوەی کەمترین بەرکەوتنمان هەبێت لەگەڵ هەوای دەوروبەری جلشۆرەکە.
 
2- دەتوانین دەردانی مایکرۆفایبەرەکان کەم بکەینەوە بە دانانی ئامێرێکی فلتەر بە قەبارەی تۆڕی بچووکتر و سیستمێکی پاڵاوتنی زیاتر بۆ دەرچەی وشککەرەوە کە رێگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی وردەپلاستیکەکان.
 
3- وشککردنەوەی هێڵ یاخود تەناف یەکێکە لە جێگرەوە ژینگەدۆستەکان بۆ وشککردنەوەی جلوبەرگەکان بەبێ کارەبا، هەروەها وشککردنەوەی تەنافەکە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی جۆر  و تەمەنی جلوبەرگەکە.