توێژینەوەیەکی شیکاری: کەسانی هەستیار بە دەوروبەر زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەبن

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی شیکاریی نوێ لە بەریتانیا دەریدەخات، ئەوانەی کەسایەتیی هەستیاریان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ زیاترە بەراورد بەوانەی کەسایەتییەکی هاوسەنگیان هەیە.
 
توێژینەوەیەکی گەورەی شیکاری (مێتا) لەلایەن توێژەرانی زانکۆی ماری کوین لە بەریتانیا کرا و هەڵسەنگاندن بۆ 33 توێژینەوە کراوە و دەرکەوت، ئەو کەسانەی هەستیارن بە ژینگەی دەوروبەر، رووناکیی زۆر و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان 33٪ ئەگەری تووشبوونیان بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زیاد دەبێت.
 
تۆم فاڵکنشتاین، پسپۆڕی دەروونی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ئەو کەسانەی هەستیارن واتا زوو بە گۆڕانکارییەکانی دەوروبەریان کاریان تێدەکرێت و دەچنە ژێر باری ئەو گۆڕانکارییانەوە، بۆیە زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی دەبن و لەناکاو گۆشەگیرییان بەسەردادێت.
 
پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن، ئەوانەی بە ژینگە و کەسانی دەوروبەر هەستیار و زوو کاریان تێدەکرێت دەشێت راوێژی تایبەت لەلای کەسێکی شارەزا و پسپۆڕ وەربگرن. تاوەکو لە لێکەوتەکانی ئەو هەستیارییە بپارێزرێن.