ئەو هەڵانە چین وا لە منداڵ دەکەن، حەزیان لە خۆراکە خێرا و ئامادەکراوەکان بێت؟
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان باسی ئەو هەڵانە دەکات کە دایباب دەیکەن و وا لە منداڵەکەیان دەکەن، حەزیان بۆ خۆراکی دەرەوە زیاد بێت و خۆراکی ماڵەوە نەخۆن؛ یەکێکیان کەمیی کاتیانە بۆ ئامادەکردنی خۆراکی ماڵەوە.
د. ئاکۆ کەریم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە رووداوی راگەیاند، ئاشکرایە ئێستا زۆربەی منداڵان حەزیان لە خۆراکی مارکێتەکان و خۆراکە خێراکانە و خۆراکی ماڵەوە کەم دەخۆن کە هەڵەیەکی گەورەیە بۆ سەر جەستەی منداڵ، ئەم هۆکارانەش لە پشت ئەم هەڵەیەوەن؛
1- دایک و باوکان لە تەمەنێکی بچووکدا خۆراکە خێراکان و خۆراکەکانی مارکێتەکان دەدەن بە منداڵ، منداڵیش حەزیان پێدەکات، ئەو خۆراکانە تام و رەنگی زۆریان تێکراوە و زۆرترین بڕی شەکر، خوێ، رۆن و چەندین تامی جیاوازی تێکراوە. هەر بۆیە منداڵ بەهۆی ئەو تام و چێژ و رەنگەوە حەزی بۆ خۆراکەکە دەچێت و دووبارە دەیخوات.
2- خۆراکی ماڵ زۆر تەندروستترە لە هی دەرەوە و ئامادەکراو، بەڵام زۆرجار تام و رەنگی کەمترە و ئەمەش وادەکات منداڵ حەزی نەچێتە سەری.
3- هەندێکجار منداڵ ئەو خۆراکانە دەخۆن کە هاوڕێکانیان دەیخۆن، ئەوانیش حەزیان بۆی دەچێت.
4- کەمیی کات بۆ ئامادەکردنی خۆراک وایکردووە پەنا ببرێتە بەر خۆراکە خێرا و ئامادەکراوەکان.
د. ئاکۆ کەریم دەڵێت: چارەسەرەکەش دەکرێت ئەوە بێت کە خۆراکە خێراکان یان هەر نەخورێن، یانیش زۆر زۆر کەم بکرێنەوە، نابێت لەجیاتی خۆراکی ماڵ بخورێن، واتە ئەگەر منداڵەکەت خۆراکی ماڵی نەخواردن، نابێت خۆراکی خێرا و ئامادەکراوی بۆ ئامادە بکرێت. ناشبێت یەکسەر خۆراکی دەرەوەی بۆ بکڕدرێت.
ئەوەشی گوت، منداڵێک بتوانێت چەندجارێک شتی دەرەوە بخوات، بەڵام خۆراکی ماڵەوە نەخوات، نەخۆش نییە و نەبرێتە لای پزیشک، بەڵکو چارەسەرەکەی لای دایبابیەتی.