دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئێران: زۆرترین ژەهراویبوونەکانی ساڵی رابردوو بەهۆی 'حەبی برنج'ـەوە بووە
رووداو - تەندروستی
فەرمانگەی چاودێریی و بەدواداچوونی بەرهەمە تەندروستییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئێران ئاشکرای دەکات، ساڵی رابردوو زۆرترین ژەهراویبوون بە دەرمان بەهۆی قڕکەری (حەبی برنج)ـەوە بووە.
ئەو فەرمانگەیەی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئێران رایدەگەیێنێت، 24٪ـی حاڵەتەکانی ژەهراویبوون لە ساڵی رابردوو و 18.6٪ـی حاڵەتەکانی ئەم ساڵ، بەهۆی ژەهراویبوون بە (حەبی برنج، قڕکەری کشتوکاڵی و گازی ئۆکسیدی کاربۆن) بوون.
هەروەها زۆرترین رێژەی ژەهراویبوونەکان لە شارەکانی (تاران، کەرەج، مەشهەد، ئەهواز و ئەردەبیل) بوون و زۆرترین حاڵەتیش بە حەبی برنج بووە، بەجۆرێک پار 13.6٪ـی ژەهراویبووەکان پێکدەهێنێت، لە شەش مانگی ئەم ساڵیشدا رێژەی ژەهراویبوون بەو حەبە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاد بووە.
قڕکەری (حەبی برنج) چییە؟
بەپێی کشتوکاڵی ئێران، ئەو جۆرە حەبە لە ساڵی 2006ـەوە لەو وڵاتە قەدەخە کراوە، تەنانەت لەلایەن دەزگای کشتوکاڵی نێودەوڵەتیشەوە بە مادەیەکی قەدەخەکراو دانراوە و کڕین و فرۆشتنی سزای لەسەرە. حەبەکە فۆسفایدی ئەلەمنیۆمی تێدایە کە قڕکەرێکی بەهێزە بۆ کوشتنی مێرووەکانی دانەوێڵە.
بەگوێرەی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا، ئەو قڕکەرە یەکێکە لە هەرە قڕکەرە ژەهراوییە کوژەرەکان کە نەک خواردنی، بەڵکو بەرکەوتن و بۆنکردنیشی مرۆڤ پێی ژەهراوی دەبێت.
ناوەندی نیشتمانیی ئەمریکی: قڕکەرێکی مەترسیداری قەدەخەکراو لە وڵاتانی ئاسیا بەکاردێت (راپۆرتەکە بخوێنەرەوە).