پسپۆڕێکی نەزۆکی: گۆڕانی شێوازی ژیان و ژینگە کاریگەری نەرێنی لەسەر سپێرمی پیاوان داناوە
رووداو- تەندروستی
پسپۆڕێکی نەزۆکی و لاوازی سێکسی پیاوان، رایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی ژینگە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا و گۆڕانی شێوازی ژیانی مۆدێرن کاریگەرییەکی زۆر نەرێنییان لەسەر سپێرمی پیاوان هەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-11-2025 د. رەنج بیلال پسپۆڕێکی نەزۆکی و لاوازی سێکسی لە بوڵتەنی تەندروستی ئاماژەی بەوەدا کە خواردنەوە کحولییەکان، کێشانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ، شانبەشانی خۆراکە خێراکان، کەم جوڵەیی و بەکارهێنانی دەرزیی تێستێستیڕۆن و ئەنابۆلیک ستیرۆید، هۆکاری سەرەکیی نەزۆکین لای پیاوان.
ئەو پسپۆڕە جەختی لەوە کردەوە کە پلەی گەرمی گونەکان نابێت لە 2-3 پلەی سیلیزی زیاتر بێت، چونکە گون لە دەرەوەی جەستەیە و گەرمبوونی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کواڵیتی و ژمارەی سپێرم.
وەک نموونەیەک، د. رەنج بیلال باسی لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە گەورەکان و هێڵە دوورەکان کرد کە رۆژانە بۆ ماوەی 12-14 کاژێر دادەنیشن و گوتی، "ئەم دانیشتنە زۆرە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر سپێرم، بۆیە باشتر وایە هەر دوو کاژێر جارێک بجوڵێن."