لە تونس چەند پسپۆڕێکی بواری خۆراک بەشداری لە کۆنفرانسی پاراستنی ئاسایشی خۆراک دەکەن
رووداو - تەندروستی
شەش پسپۆڕی کوردی بواری خۆراک و سەلامەتیی خۆراک بەشداری لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتی تونس دەکەن و یەکێکیان دەڵێت: پڕۆژەکەمان لەسەر بایەخی سەلامەتیی تەندروستی بوو بۆ مادە پارێزەرەکانی خۆراک و دەرمانەکان و کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-1-2025 د. هۆلیم هاشم، پسپۆڕی کلینیکیی خۆراکی بە رووداوی راگەیاند، لە کۆنفرانسەکە باسی گۆشتی مریشک کرا و راگەیێندرا کە مریشک نابێت لە دوو کیلۆگرام و نیو زیاتر بێت، چونکە لەوە گەورەتر بێت بەشە ناتەندروستەکانی جەستەی زیاتر دەبن و گۆشتەکەی سوودەکەی کەمتر دەبێتەوە.
د. هۆلیم هاشم دەڵێت: دوای پێدانی ڤاکسین بە مریشک، نابێت دوای 10 رۆژ بفرۆشرێت و بخورێت، هەروەها ئەو ڤاکسین، دەرمان و مادە پارێزەرانەی دەدرێت بە مریشک دەبێت بەڕێژەی ئاسایی بێت.
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەشدەکات، لە ماوەکانی داهاتوودا دەچنە وڵاتی هۆڵەندا بۆ ئەوەی کار لەسەر پڕۆژەکانی باشترکردنی کواڵیتیی دژەزیندەیی و ڤاکسینەکان بکەن بۆ گۆشتی مریشک.
ئەو کۆنفرانسەی لە تونس لە زانکۆی هۆڵەندیی واگینینگن ئەنجامدراوە بە ئامادەبوونی پسپۆڕانی چەندان وڵات بووە وەکو 'هۆڵەندا، عێراق، جەزائیر، فەلەستین، مەغریب، لیبیا، ئوردن، میسر و فەرەنسا' کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی چۆنیەتیی کۆنتڕۆلکردن و کەمکردنەوەی دژەبەکتریاکان بوو لەنێو خۆراکەکان.