پزیشکێکی ڤێتێرنەری: ئامێری تایبەت بە دەستنیشانکردنی نەخۆشی لە بواری ڤێتێرنەریدا کەمە

رووداو - تەندروستی 

پزیشکێکی ڤێتێرنەری تایبەت بە رووداو دەڵێت: تائێستا لە هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ لاوازە و کەلوپەل و ئامێری تایبەت بە دەستنیشانکردنی نەخۆشی لە بواری ڤێتێرنەریدا کەمە.
 
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پزیشکانی ڤێتێرنەرییە، دکتۆر چیا محەممەد، پزیشکی ڤێتێرنەری لە دهۆک رایدەگەیێنێت، بەربەستی زۆر لەبەردەم پزیشکانی ڤێت هەیە و سەرەکیتیرینیان کێشەی دانەمەزراندنە.
 
دکتۆر چیا دەڵێت: ''پێویستە هاوشێوەی پزیشکانی گشتی، پزیشکی ڤێتێرنەریش هەلی دامەزراندنی راستەوخۆیان هەبێت و  رۆڵی پزیشکانی ڤێتێرنەری لە تەندروستیی گشتیدا زیاتر بێت.
 
تەنانەت ئەو پزیشکە باسی ئەوەشدەکات، تاوەکو ئێستا کەلوپەل و ئامێری تایبەت بە دەستنیشانکردنی نەخۆشی لە بواری ڤێتێرنەری لە هەرێمی کوردستاندا کەمە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بەوەدەکات، لە هەولێر و دهۆک هەزار و 36 پزیشکی ڤێتێرنەری هەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 33٪ـیان خانمن، ''بەڵام نیوە زیاتریان دانەمەزراون و ناتوانن بەپێی پێویستی پسپۆڕییەکەیان کاربکەن''.
 
ئەمڕۆ شەممە 27ـی نیسانی 2024 رێوڕەسمێک بۆ رۆژی جیهانیی پزیشکانی ڤێتێرنەری لە دهۆک بەڕێوەچوو، د. فەرهاد بوزۆ، نەقیبی گشتیی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری رایگەیاند، ئامانجیان لەم رێوڕەسمە ئەوەیە کە رۆڵی پزیشکانی ڤێتێرنەری بۆ بوار و مژارەکانی دیکەی خزمەتکردن بە مرۆڤ بەرزڕابگیرێت.