د. ماجد شنگالی: کار دەکەین بۆ ئەوەی نەخۆشی عێراق نەچێتە وڵاتانی دەرەوە بۆ چارەسەر
رووداو - تەندروستی
سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە رووداو ئاشکرای دەکات، کار دەکەن بۆ ئەوەی نەخۆشی عێراق نەچێتە وڵاتانی دەرەوە بۆ چارەسەر.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-4-2025 لە یەکەم رۆژی بەڕێوەچوونی یەکەمین پێشانگە و کۆنفرانسی گەشتیاریی پزیشکیی عێراق؛ د. ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ''ئێمە رێ خۆش دەکەین بۆ کۆمپانیا و نەخۆشخانە جیهانییەکان کە بێنە عێراق و نەخۆشان لێرە چارەسەر بکەن''.
د. ماجد شنگالی ئەوەشی باسکرد، سەرەکیترین رێگە بۆ سەرنجڕاکێشانی گەشتیارانی وڵاتان بۆ نێو عێراق لەڕووی پزیشکییەوە، کەمکردنەوەی نرخی چارەسەرییەکانە و ئاسان دەستڕاگەیشتنە بە خزمەتگوزارییەکان.
لەبارەی بیمەی تەندروستییەوە بە رووداوی گوت، ''تائێستا ملیۆنێک کەس تۆمارکراون و لە قۆناخی سێشدا 400 هەزار کەس تۆمارکران''، بەڵام ئەو ئاماژە بەوەدەکات، هێشتا ئەو نرخەی بۆ بیمەی تەندروستی تەرخان کراوە کەمە.
بۆ یەکەمین جار کۆنفرانس و پێشانگەیەکی تایبەت بە کەرتی گەشتاریی عێراق لەڕووی چارەسەرە پزیشکییەکانەوە سازدەکرێت و لە ئەمڕۆوە {27ـی نیسان} تاوەکو {29ـی نیسان} لە بەغدا بەردەوام دەبێت.
پێشانگەکە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەبێت و دەیان کەسانی بەرپرسی تەندروستی و کارگێڕیی سیستمی تەندروستیی عێراق بەشدارن، چەندان پانێڵ بۆ بەهێزکردنی کەرتی گەشتوگوزاریی پزیشکی و باشترکردنی کواڵیتیی چارەسەرییەکان بەڕێوەدەچن.