فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر: تەنیا یەک برینداری رووداوەکەی کەرکووک، گەیێندراوەتە لامان
رووداو - تەندروستی
یەکێک لە بریندارانی رووداوەکەی هاتووچۆی کەرکووک، بە راسپاردەی سەرۆکی حکومەت و وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی رۆژئاوای لە هەولێر.
سەیفەدین سەمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ کاژێر 1:30ـی بەیانی بریندارێکمان بۆ هات، کە یەکێکە لە بریندارەکانی رووداوی هاتووچۆکەی کەرکووک و بە راسپاردەی سەرۆکی حکومەت و وەزیری تەندروستی بووە."
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی بریندارەکە، سەیفەدین سەمەد گوتی، "پێویستی بە دوو نەشتەرگەریی هەیە، چونکە تووشی شکانی قاچی راست و بڕبڕەی پشتی بووە، نەشتەرگەرییەکە بەهاوبەشی لەنێوان پزیشکی ئێسک و شکان و نەشتەرگەریی مێشک و دەمار دەکرێت."
یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رۆژئاوا ئاماژەی بەوەشکرد، نەشتەرگەرییەکە قورس دەبێت و نزیکەی 5 بۆ 6 کاژێر دەخایەنێت، هەروەها گوتیشی، "هەتا رادەیەک دۆخی تەندروستی باشبووە، دوای نەشتەرگەریی پێویستی بە چاودێرییەکی توند دەبێت."
سەیفەدین سەمەد دەڵێت، "ئامادەکاری دیکەمان کردووە و ئامادەین بریندارەکانی دیکەش وەربگرین."
ئەمەش دوای ئەوەدێت، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 26-4-2026، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی، بارهەڵگرێک بە خێراییەکی زۆر کە بە 170 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەخەمڵێنرێت، خۆی کێشا بە 35 ئۆتۆمبێلدا، بەهۆی رووداوەکەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 27ـی دیکەش برینداربوون.