پزیشکێکی فریاکەوتن: رەنگە تێکچوونی دۆخی تەندروستیی شۆفێر رووداوی هاتووچۆی دڵتەزێنی لێبکەوێتەوە

رووداو - تەندروستی

راوێژکار و پسپۆڕێکی پزیشکیی فریاکەوتن رایدەگەیێنێت، پێویستە هەموو شۆفێران بەتایبەت شۆفێرانی بارهەڵگر پشکنینی تەندروستی و دەرووندروستییان بۆ بکرێت تاوەکو لە ئەگەری تێکچوونی دۆخی تەندروستی و دەروونییان هۆشیار بن و نەبنە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتووچۆی دڵتەزێن.
 
د. دڵشاد محەممەد ئەلشێخ، راوێژکار و پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن بە رووداوی راگەیاند، دەکرێت رووداوی هاتووچۆی گەورە و کارەساتبار رووبدات بەهۆی خراپبوونی دۆخی تەندروستیی شۆفێر، بەتایبەت ئەگەر تووشی گەشکە، دابەزینی شەکر، لەهۆشخۆچوون و جەڵتەی دڵ و مێشک ببێت.
 
د. دڵشاد محەممەد روونی دەکاتەوە، ئەمە پرسیارێکی گرنگ دەخاتە سەر ئەوەی کە تا چەندە پشکنینی تەندروستی لەکاتی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریدا بەهێزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق؟ زۆرجار تەنیا چاودێریی چاو دەکرێت، کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک بەس نییە. 
 
ئەوەش باس دەکات کە پێویستە هەموو داواکاریی مۆڵەت بە تایبەتی ئەوانەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لێدەخوڕن، پشکنینی تەواویان بۆ بکرێت وەکو ئەمانە؛
 
- پشکنینی بینین
- پشکنینی دڵ و خوێن
- پشکنین بۆ نەخۆشییە دەمارییەکان و مێشک
- پشکنینی دەروونی
- پشکنینی نەخۆشیی گەشکە و فێ
 
لە کۆتاییدا گوتی: ئەو کەسانەی کێشەیەکی تەندروستییان هەیە کە کاریگەریی لەسەر هۆشیاری یان کۆنتڕۆڵی شۆفێری دروستدەکات، نابێت رێگەیان پێبدرێت بەبێ پشکنین و رێگەپێدانی تەندروستی لە رێگەکانی گشتی شۆفێری بکەن. ئەم رووداوە پێویستە ببێتە بانگەوازێک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سیاسەتێکی نوێ و تووندتر دابنێت بۆ پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، بە تایبەتی بۆ شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی گەورە و بارە قورسەکان.