لە کۆیە خوێندکارێک لەڕێگەی چوونی بۆ ئاهەنگی دەرچوون، سەگ پەلاماری دەدات و بریندار دەبێت

رووداو - تەندروستی

نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە رایدەگەیێنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کچێکی خوێندکار لەڕێگەی خۆئامادەکردن بۆ ئاهەنگی دەرچوونی، سەگ پەلاماری دەدات و لە چەند شوێنێکەوە بریندار دەبێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 27-4-2026 هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە نزیک کاژێر 6ـی بەیانی، خوێندکارێکی پەیمانگەی تەکنیکیی کۆیە بۆ خۆئامادەکردنی لە بەشداریکردن لە ئاهەنگی دەرچوونی لە ماڵ دەرچووە، بەڵام سەگی بێلانە هێرشی کردووەتە سەری و (سەر، قاچ و پشت)ـی بریندار کردووە. دوای چارەسەر، رەوانەی ماڵەوە کرا.
 
بۆ روونکردنەوەی زیاتر لەسەر دۆخی ئەو کچە و برینەکانی، دکتۆر ئاکار سابیر، پزیشکی نیشتەجێی دێرین لە نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەکە چارەسەری برینەکانی ئەو کچەی کردووە و بە رووداوی گوت: ڤاکسینی پێدرا و برینەکانی دوورانەوە کە درێژیی برینێکی سەری 6 بۆ 7 سانتیمەتر دەبوو.
 
دکتۆر ئاکار سابیر هاونیشتمانییان هۆشیار دەکاتەوە کە لەکاتی گەستندا شوێنی برینەکە بە ئاو و سابوون بشۆن، پاشانیش خوێنبەربوون بوەستێننەوە تا ئەو کاتەی دەگەنە فریاکەوتنەکان.
 
پشنیازدەکات لەکاتی گەستنی سەگ ئەمانە جێبەجێبکرێن؛
 
- شوێنی برینەکە ئەگەر خوێنی لێهات، پەستانی بخرێتەسەر تاوەکو خوێنەکە رابگیرێت.
- شووشتنی شوێنی برینەکە بە ئاو و سابوون، چونکە ئەوە ناهێڵێت ڤایرۆسی نێو لیکی سەگەکە بچێتە جەستە.
- بگەیێندرێتە نەخۆشخانە؛ ئەگەر زانرا کەسەکە مەترسیی لەسەرە ئەوا دەرزیی دژە هاریی یاخود بەرزکردنەوەی بەرگریی جەستەی دەدرێتێ.
 
بۆچی گەستنی سەگ مەترسیدارە؟
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، هاریی سەگ نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و دووچاری کۆئەندامی دەمار دەبێت، هاوکات نەخۆشییەکە مرۆژەڵییە، واتە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
 
ناوەندەکە ئاشکرای دەکات، نەخۆشیی هاریی سەگ لە رێگەی شلەکانی جەستەوە بەتایبەت لیک و خوێنی کەس یان ئاژەڵی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە و تەنانەت پەیوەندیی راستەوخۆ و گازگرتنیش هۆکارێکی گواستنەوەی نەخۆشییەکەن.
 
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە سەگ
 
* دەرکەوتن؛ 2 بۆ 4 مانگ
* تا و گەشکە
* هەستیاری بە رووناکی و ئاو
* قورسیی قووتدان و لیکی زۆر
* ئیفلیجی
 
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە مرۆڤ
 
* دەرکەوتن؛ 2 مانگ بۆ ساڵێک
* ئیفلیجی
* تا و رشانەوە
* قورسیی قووتدان
* هەوکردنی مێشک و کۆئەندامی دەمار
* زیادبوونی لیک
* تێکچوونی باری دەروونی
* گازگرتن