توێژینەوەیەک: کەمترین رێژەی کحول زیان بە مێشک دەگەیێنێت

رووداو - تەندروستی

زۆر جار دەبیستین دەڵێن "خواردنەوەی کەمێک کحول زیانی نییە و بۆ دڵ باشە یان گوایە بۆ گورچیلە و پێست باشە"، بەڵام وا بیگومان راستییەکە شتێکی ترە و توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی دەڵێت باوەڕ بەم قسەیە مەکەن، چونکە تەنانەت کەمترین بڕی کحولیش کار دەکاتە سەر مێشک و تەندروستیت تێکدەدات.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئەنگلیا رەسکین لە بەریتانیا لەسەر زیاتر لە 350 هەزار کەس ئەنجامدراوە، ئەو بیرۆکەیە رەتدەکاتەوە کە خواردنەوەی کحول بە رێژەیەکی کەم یان مامناوەند سوودی بۆ تەندروستی هەیە و دەریخستووە، تەنانەت کەمتر لەو رێژەیەی رێگەپێدراوە، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەکات.
 
ئەم زانکۆیە باسی ئەوە دەکات کە کحول دەبێتە هۆی ئەوەی خوێن کەمتر بۆ مێشک بڕوات و ئەو بەشەی مێشکیش کە بەرپرسە لە بیرکردنەوە ئاڵۆزەکان، بەرەبەرە تەنک ببێتەوە و زیانی پێ بگات.
 
دکتۆر ڕۆدۆلف شوت، کە پسپۆڕێکی بواری دڵ و خوێنبەرەکانە لەو زانکۆیە، دەڵێت: "ئەو قسەیەی دەڵێت کەمێک خواردنەوە بۆ تەندروستی باشە، گەورەترین درۆیە و هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە."