زانایان هۆشداری لە زیادبوونی مردنی لەناکاوی یاریزانانی لەشجوانی دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

زانایان هۆشداری دەدەن کە مردنی لەناکاوی یاریزانانی لەشجوانی بەهۆی کێشەی دڵەوە بە رێژەیەکی مەترسیدار زیادیکردووە، بەتایبەتی ئەوانەی پیشەگەرن. راهێنانی قورس و سەخت، بەکارهێنانی رێگەی خراپ بۆ لەدەستدانی خێرای کێش، بەرنامەی تووندی خواردن و کەم ئاو خواردنەوە، لەپاڵ بەکارهێنانی هۆرمۆن و وزەبەخشەکان بوونەتە هۆی زیادبوونی مردنی لەناکاو لەنێو ئەو پیاوانەی یاریی لەشجوانی دەکەن، بە گەنجەکانیشەوە.
 
توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری ئەورووپیی دڵدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو یاریزانانەی پیشەگەرن و لە کێبڕکێی لەشجوانیدا بەشداری دەکەن، بەهۆی شێوازی راهێنان و گوشارکردن لە خۆیان، رووبەڕووی مەترسیی مردن دەبنەوە.
 
زانایان داوا دەکەن، لەشجوانان زیاتر ئاگاداری تەندروستییان بن، بۆئەوەی لەناکاو نەمرن.
 
مردنی لەناکاو بە واتای وەستانی لەناکاوی دڵ دێت بێ ئەوەی نیشانەی پێشوەختەی نەخۆشی هەبێت. ئەم جۆرە مردنە بەگشتی لە نێو گەنجاندا کەمە.
 
بەڵام ئەو گەنجانەی یاریی لەشجوانی دەکەن، توێژینەوەکە دەڵێت، ئەوانیش مردنی لەناکاو لەنێویاندا زۆر بووە، گەورەترین مەترسییش لەسەر پیشەگەرەکانە.
 
تیمێکی لێکۆڵینڤانانی نێودەوڵەتی توێژینەوەیان لەسەر داتای 20 هەزار و 286 یاریزانی لەشجوانی لە رەگەزی نێر کردووە، کە هەریەکەیان لانیکەم لە ساڵی 2005 تاوەکو 2020 لە کێبڕکێیەکی لەشجوانیدا بەشدار بووە.
 
لێکۆڵینڤانەکان بۆیان دەرکەوتووە، 121 لەو یاریزانانە مردوون کە تێکڕای تەمەنیان 45 ساڵ بووە.
 
ئەوەی مایەی سەرنج و راچڵەکینە ئەوەیە، مردنی 40%یان بەهۆی کێشەی دڵەوە بووە.
 
هەروەها زانایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، لەشجوانە پیشەگەرەکان 5 هێندەی یاریزانە سەرەتاییەکان مەترسیی ئەوەیان لەسەرە بە کێشەی دڵ بمرن.
 
توێکاریی تەرمی بەشێک لە یاریزانانی لەشجوانی دەریخستووە دڵیان ئاوساوە و شاخوێنهێنەرەکەیان، واتە ئەو لوولەیەی خوێن بۆ دڵ دەبات، تووشی نەخۆشی بووە.
 
بەشێک لەو یاریزانانە ئەوانە بوون کە هۆرمۆن و وزەبەخشیان بە خراپی بەکارهێناوە.
 
یەکێک لە توێژەرەکان بەناوی د. مارکۆ ڤێشیاتۆ دەڵێت، "وەرزشی لەشجوانی ژمارەیەک کار لەخۆدەگرێت، کە دەکرێت کاریگەرییان لەسەر تەندروستی هەبێت، لەوانەش راهێنانی قورس، بەکارهێنانی رێگەی خراپ بۆ لەدەستدانی خێرای کێش، بەرنامەی تووندی خواردن و وشکبوونەوە" لە پاڵ بەکارهێنانی هۆرمۆن و وزەبەخشەکان.
 
توێژەران هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم کارە خراپانە، گوشاری گەورە دەخەنە سەر دڵ و دەکرێت ببنەهۆی ئاوسانی دڵ یان کێشەی دیکەی بۆ دروست بکەن. 
 
د. ڤێشیاتۆ دەڵێت، "رەنگە مەترسییە گەورەکە لەسەر لەشجوانە پیشەگەرەکان بێت، چونکە ئەوان زیاتر و بۆ ماوەیەکی درێژتر ئەم کارە خراپانە دەکەن و رەنگە لە ژێر گوشاری زیاتری رکاربەرێتیدا بن بۆ ئەوەی ئەنجامی زۆر بەرز بەدەستبێنن."
 
زانایان داوا لە لەشجوانان دەکەن زوو زوو پشکنینی دڵ بکەن، تەنانەت "ئەوانەش کە گەنجن و تەندروست دیارن."
 
د. ڤاشیاتۆ دەڵێت، "بۆ لەشجوانان پەیامەکە روونە: لە کاتێکدا بەدەستهێنانی نایابی لە لەشڕێکیدا شتێکی ناوازەیە، گوێنەدان بە باجەکەی و شێوازی بەدەستهێنانی، مەترسیی گەورەی تەندروستی هەیە، بەدیاریکراوی لەسەر دڵ."