پزیشکێکی ڤێتێرنەری: گۆشت 24 کاژێر و جەرگ و گورچیلە 48 کاژێر لە بەفرگردا هەڵبگیرێن

رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری بەشی کەرەنتین لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڤێتەرنەری و پزیشکی ڤێتێرنەری رایدەگەیێنێت، پێویستە هەموو ئاژەڵێک لە سەربڕخانەکان سەرببڕدرێت، چونکە پشکنینی پێش و پاش سەربڕینی بۆ دەکرێت.
 
رۆژی سێشەممە 27-6-2023 لە بووڵتەنی کاژێر 13:00 کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، دکتۆر میقداد ئیبراهیم بە رووداوی راگەیاند، پێویستە ئاژەڵ لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە بکڕدرێت، هەروەها شوێنی سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە سەربڕخانە بێت نەک جێگەی نایاسایی دیکە.
 
لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشدا پسپۆڕەکە گوتی، باشترە دەستکێش لەدەست بکرێت و چەقۆ و تەختەی لەتکردنی گۆشت بە جوانی بشۆردرێت. 
 
لە بارەی مەرجەکانی ئاژەڵی تەندروست دکتۆر میقداد گوتی، ''هەرچەندە ئاژەڵان هیچ نیشانەیەکی تای خوێنبەربوونیان لەسەر دەرناکەوێت، بەڵام نابێت ئاژەڵەکە گەنە و مێشی پێوەبێت و لاوازبێت، چونکە لاوازیی ئاژەڵ هێمایەکە بۆ تووشبوون، هەروەها ئاژەڵیش نابێت سکچوونی هەبێت و چڵمی پێوەبێت، سەرجەم ئەو مەرجانەشی تێدابێت کە لە ئاییندا رێگەپێدراون بۆ قوربانی''.
 
دکتۆر میقداد ئاماژەشی بەوەدا، پزیشکانی ڤێتێرنەری دەبێت هۆشیاربن لەکاتی بەرکەوتنیان بە ئاژەڵ و پاشماوەکانیان، چونکە یەکێکن لەو گرووپانەی کە مەترسیی تووشبوونیان بە تای خوێنبەربوون زۆرە.
 
پزیشکەکە هۆشداری دەداتە ئەوانەی گۆشتی قوربانی وەردەگرن و دەڵێت: ''گۆشت 24 کاژێر و جەرگ و گورچیلە 48 کاژێر لە بەفرگردا هەڵبگیرێن، هەروەها بۆ دابەشکردنیش پێویستە لە کیسی روون و نوێدا بێت''.
 
بو گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، 23 گومانلێکراوی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیش بە نەخۆشییەکە گیانیان لەدەستداوە.