پسپۆڕێک: نەخۆشیی پشیلە مەرج نییە ببێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون هەڵەتێگەیشتنێک لەبارەی نەخۆشیی پشیلە باس دەکات و دەڵێت: نەخۆشیی پشیلە و چەند هەوکردنێکی دیکە نابنە هۆی دووبارە لەبارچوونی منداڵ و بۆ دووبارەلەبارچوونەوەی منداڵ چەندان هۆکاری دیکە هەن.
 
د. نیان نەوزاد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، ئەو هەوکردنانەی کە بە کورتکراوەی TORCH ناونراون نابنە هۆی دووبارە لەبارچوونی منداڵ؛ TORCH کورتکراوەی کۆمەڵە هەوکردنێکی سکماکییە کە دەتوانێت لەڕێگەی وێڵاشەوە بۆ کۆرپەلە بگوازرێنەوە و زیانی پێبگەیێنن، ئەمانە دەگرێتەوە؛
 
T واتا نەخۆشیی پشیلە.
O واتا نەخۆشییەکانی زوهری، ئەیدز و دڕکەومێکوتە کە ناسراوە بە پشتێنی ئاگرین.
R واتا ڤایرۆسی رووبێلا کە هۆکاری سوورێژەی ئەڵمانییە.
C واتا ڤایرۆسی سایتۆمێگالۆڤایرۆس.
H واتا ڤایرۆسی تامیسکە.
 
د. نیان نەوزاد دەڵێت: کاتێک دایکەکە بۆ یەکەمجار تووشی ئەم هەوکردنانە ببێت، ئەوا دەکرێت ببنە هۆی لەبارچوون، دەشکرێت هەندێکجار جەستەی منداڵەکە ناتەواو بکەن کە هەندێک لەو ناڕێکییانە لەڕێگەی سۆنەرەوە دیاری دەکرێن و هەندێکیشیان لەدوای لەدایکبوون لەسەر منداڵەکە دەردەکەون.
 
خاڵێکی دڵخۆشکەر بۆ خانمان
 
بەگوتەی د. نیان نەوزاد، هەرکاتێک دایکەکە تووشی ئەم هەوکردنانە ببێت و جەستەی بەرگری دژیان دروستبکات مانای ئەوەیە کە دایکەکە بەرگری هەیە و تووشبوو نییە. هەروەها ئەگەری دووبارە تووشبوونەوەی ئەم هەوکردنانە زۆر کەمن، هەندێکجار دەتواندرێت پشتگوێ بخرێت و بە هیچ جۆرێک نابنە هۆی لەبارچوونی کۆرپەلە؛ واتا ئەم هەوکردنانە تەنیا مەترسیی لەسەر یەکەم منداڵ دروست دەکەن و دەبنە هۆی لە بارچوونی کۆرپەلەی داهاتوو. بۆیە لەکاتی بەرزبوونەوەی بەرگریی جەستەی دایکەکە دژی ئەو نەخۆشییانە کە رێژەی دژەتەنی IgG لە خوێندا زیاد دەبێت، ئەوا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دایکەکە پێویستی بە چارەسەر نابێت بۆ ئەم جۆرە هەوکردنانە و جەستەی ئەو نەخۆشییانە لەنێو دەبات.
 
هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی لەبارچوونی منداڵ دەشێت ئەمانەش بن؛
 
1- خەستبوونەوەی خوێن.
2- ناتەواویی کڕۆمۆسۆمەکان.
3- ناتەواوی لە نێوپۆشی منداڵدان یان منداڵدان.
4- کۆمەڵێک نەخۆشیی درێژخایەنی دایکەکە وەکو 'کێشەکانی غودە، کۆنتڕۆڵنەکردنی شەکرە و زۆرێکی دیکە'.